ئیسپانیاگرنگترین

تێباس بەڵگەی ‘هەڵە’ی لەسەر بارسێلۆنا داوەتە داواکاری گشتی

یاریگا –

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی کۆمەڵەی خولی ئیسپانی، راپۆرتێکی ‘هەڵە’ی پێشکەشی داواکاری گشتی کردووە، وەک هەوڵێک بۆ تۆمەتبارکردنی بارسێلۆنا لە کەیسی نێگرێیرا، جێگری پێشووی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لە چەند مانگی رابردوودا، چەندین بەڵگەیان لەسەر پێدانی پارەیەکی زۆر لەلایەن بارسێلۆناوە بە جێگری پێشووی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان ئاشکرا کرد، ئەمەش بە ئامانجی لایەنگری ناوبژیوانان بۆ بارسێلۆنا.

داواکاری گشتی ئیسپانیا، بە فەرمی بارسێلۆنا بە تاوانی وەرزشی تۆمەتبار کردووە و لێکۆڵینەوەکان لەم بابەتە بەردەوامن.

رۆژنامەی لا ڤانگواردیا لە لێکۆڵینەوەیەکدا بڵاویکردووەتەوە

تێباس بەڵگەی دروستکراوی بۆ تۆمەتبارکردنی بارسێلۆنا پێشکەشی داواکاری گشتی کردووە. لە راپۆرتەکانیدا، ناوی هەریەکە لە ساندرۆ رۆسێل، جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆی تێوەگلاندووە.

لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا، بەڵگەنامەیەک لە ماڵی جۆزێپ کۆنترێراس، ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا دۆزرایەوە، لەسەر بەڵگەنامەکە نووسراوە (زۆر نهێنی)، ناوی هەریەکە لە پارێزەر رۆمان، رۆسێل، جۆزێپ ماریا نووسراوە. جیا لەمەش بە تێبینی لەسەر بەڵگەنامەکە نووسراوە، ئەم بەڵگەنامەیە نەکرێتەوە تا دوای مردنم (کوێنترێراس).

تێباس ئەمەی قۆستووەتەوە و بەم شێوەیە بۆ داواکاری گشتی ناردووە

ئەو ناوانەی لەسەر بەڵگەنامەکە نووسراون بریتین لە رۆمان گۆمێز، بەرپرسی پێشووتری خزمەتگوزارییە یاساییەکان لە بارسێلۆنا، ساندرۆ رۆسێل و جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکانی پێشووی بارسا.

بەڵام لە لێکۆڵینەوەکانی رۆژنامەکەدا زانیارییەکان بە هەڵەدا براون، وردەکاری لێکۆڵینەوەکە لە بەڵگەنامەکە بەمشێوەیەیە

بەڵگەنامەکە لە ساڵانی نێوان 1980-1990 نووسراوەتەوە، واتە پێش پەیوەندی بارسێلۆنا بە نێگرێیرا و بابەتەکە پەیوەستە بە خێزانی کوێنترێراس. ئەوانەی ناویان لەسەر بەڵگەنامەکەدا هاتووە هیچ پەیوەندیان بە بارسێلۆناوە نییە، بەڵکو ناوەکان بریتین لە ئیمیلیانۆ رۆمان، پارێزەری خێزانی کۆنترێراس، رامۆس رۆسێل، ژمێریاری کۆمپانیاکەی و خۆزێپ ماریا، بەڕێوەبەری ژمێریاری لە بانکێکی ئیسپانی.

تێباس لە وەڵامی راپۆرتەکەدا دەڵێت

من هیچ کەسێکم تۆمەتبار نەکردووە، بەڵکو زانیارییەکانم زۆر بابەتیانە پێشکەش کردووە. من تەنیا وامدانا، ناوەکان وەک بەرپرسانی پێشووی بارسێلۆنان، کەس ناتوانێ لێکچوونی ناوەکان رەتبکاتەوە، بەڵام نەمویستووە هیچ کەسێک بە راستەوخۆ تۆمەتبار بکەم. چەندین بەڵگەی دیکەشم ئاراستەی داواکاری گشتی کردووە، تاوەکو لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن.

پێشتر تێباس کەیسی نێگرێیرای بە خراپترین کار لە مێژووی تۆپی پێی ئیسپانیا وەسف کرد، داواشی لە لاپۆرتا، سەرۆکی یانە کاتالۆنییەکە کرد، ئاڵای بارسێلۆنا بهێنێتە خوارەوە و یارمەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان سەرکەوتوو بن.

بابەتی زیاتر

Back to top button