ئەمشەو یۆرۆپالیگ بەڕێوەدەچێت
یاریگا
ئەمشەو یارییەکانی چوونی قۆناغی شازدەی یۆرۆپالیگ بە ئەنجامدانی هەشت یاریی دەست پێدەکات.
سەرەتا کاتژمێر 20:45 بەکاتی هەولێر، یانەی رۆمای ئیتاڵیا میوانداری یانەی ریال سۆسیدادی ئیسپانی دەکات. هەردوو یانە جاری یەکەمە لە مێژوودا رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. یانە ئیتاڵیەکە لە قۆناغی کۆمەڵەکان پلەی دووەمی بەدەستهێنا و پاشان لە رێگەی پاڵاوتنەکان خۆی گەیاندە ئەم قۆناغە. هەرچی یانە ئیسپانیەکەیە ئەویش وەکو پێشەنگی کۆمەڵەی پێنجەم گەیشتە قۆناغی شازدە.
لە یارییەکی دیکەی هەمان قۆناغ و لە هەمان کاتدا، یانەی ئارسێناڵ پێشەنگی پرێمەرلیگ لە یاریی چوون دەبێتە میوانی یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگال. ئەو دوو یانەیە پێشتر لە وەرزی 2017-2018 دووجار لە قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆپالیگ یارییان لەگەڵ یەکتری کردووە، لە یاریی چوون گەنەرز لە دەرەوەی یاریگای خۆی براوە بوو و لە یاریی گەڕانەوەش هەردوو یانە یەکسانبوون.
کاتژمێر 23:00 یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی میوانداری فرایبورگی ئەڵمانی دەکات. یانە ئیتاڵیەکە لە چامپیۆنزلیگەوە هاتووە و ئەو یانەیە لە سێ یاریی ئەم وەرزەی لە پاڵەوانتیەکە لە یاریگای خۆی دوو یاریی دۆڕاندووە. لە بەرامبەردا یانە ئەڵمانیەکە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
مانچێستەر یونایتدی ئیبگلیزیش لە هەمان کات و لە یاریی چوون میوانداری یانەی ریال بێتیسی ئیسپانی دەکات. شەیتانە سوورەکان لە قۆناغی پاڵاوتنەکان توانیان بارسێلۆنا تێپەڕێنن و گەیشتنە ئەم قۆناغە. لە بەرامبەردا یانە ئیسپانیەکە ئەوان وەکو پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەم گەیشتونەتە ئەم قۆناغە.
یارییەکانی دیکەش بەم شێوەیەی خوارەوەن:
بایەر لیڤەرکۆزن – فێرێنکفارۆزی
سێڤییا – فەنەرباهچە
یونیەن بەرلین – سانت گیلواز
شاختار – فێینۆرد