یانەیەكی دیكە ئۆفەرێكی گەورەتری پێشكەشی ڕۆناڵدۆ كردووە
یاریگا-
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پۆرتوگالی و ئەفسانەی تۆپی پێ دواجار پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودییەوە كرد.
پێش یاریەكانی جامی جیهانی 2022ی قەتەڕ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ پێرس مۆرگان ئەنجامدا و تێیدا هێرشیكردە سەر یانەی مانچێستەر یۆنایتد و تین هاگ و ئیدارەی یانەكەی.
دواتر بە ڕەزامەندی هەردوولا دۆن گرێبەستەكەی لەگەڵ شەیتانە سوورەكان هەڵوەشاندەوە و شەوی ڕابردووش بە شێوەیەكی فەرمی پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعوودیەوە كرد.
گۆڵكاری گۆی زەوی ساڵانە موچەیەكی خەیاڵی لەگەڵ یانە سعودیەكە وەردەگرێت و بە جۆرێك كە دەگاتە 200 ملیۆن یۆرۆ.
فابریزیۆ ڕۆمانۆی ئیتاڵی و شارەزا لە بواری گواستنەوەی یاریزانان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی توویتەر نووسیویەتی: كانساس سیتی ئەمریكی گفتۆگۆیەكی بەرفراوانی لەگەڵ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەنجامداوە پێش چاوپێكەوتنە ڕۆژنامەوانیەكەی لەگەڵ مۆرگان.
ئاماژەی بەوەشكرد كە پێشتریش گفتوگۆ هەبووە لە نێوان هەردوولادا و یانە ئەمریكیەكە ئۆفەرێكی دارایی گەورەی پێشكەشی دۆن كردووە كە چەندین سوودی بازرگانی لە خۆی دەگرێت، بەڵام ئەفسانە پۆرتوگالیەكە نەسڕی هەڵبژارد.