ئاسیاگرنگترین

تەواوی لێدوانەكانی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە كۆنگرەی ناساندنیدا وەك یاریزانی نەسڕ

یاریگا-

لێدوانەكانی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەفسانەی تۆپی پێی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی لە كۆنگرەی ناساندنیدا وەك یاریزانی نوێی یانە سعودیەكە.

كەمێك پێش ئێستا كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ وەك یاریزانی نوێی یانەی نەسڕی سعودی ناسێندرا و كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بۆ ئەنجامدرا.

دۆن بۆ ماوەی دوو وەرز و نیو پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە كرد و بە موچەی ساڵانەی 200 ملیۆن یۆرۆ.

لێدوانەكانی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە كۆنگرەی ناساندنیدا:

” هەستەکانم زۆر جوانە، شانازی دەکەم کە ئەم بڕیارەم لە ژیانی تۆپی پێمدا داوە، لە ئەوروپا ئەرکی خۆمم تەواو کرد، هەموو نازناوەکانم بەدەستهێنا، لەگەڵ باشترین یانە ئەوروپییەکان یاریم كرد، من لە ئێستادا دەست بە ئاڵنگاریەكی نوێ دەکەم لەسەر کیشوەرێکی نوێ، دەمەوێت ببمە سەرچاوەی ئیلهام بۆ نەوەکانی ئێستا و گەنجان لە داهاتوودا، و شانازی بە یانەی نەسڕەوە دەکەم.

خێزانەکەم دڵخۆشن کە لە سعودیەن، کاتێک بڕیارەکەم دا، هەمووان پشتگیریان کردم، بەتایبەت منداڵەکانم و هەموو خێزانەکەم، خۆشحاڵ بووم بەو بوخێرهاتنە گەرمەیان لەگەڵ هاتنم، سعودییەکان باش بوون لەگەڵم.

ئەمە دەرفەتێکی زۆر گرنگە بۆ گۆڕینی عەقڵیەتی دەوروبەری جیهانی تۆپی پێ و لەگەڵ ئەم نەوە گەنجەدا، دەتوانم بڵێم لە ئەوروپا دەرفەتی زۆرم هەبوو، لە ئەمریکا و پورتوگال و ئوسترالیا دەرفەتی یاریكردن هەبوو لە هەموو جیهانەوە، بەڵام بڕیارمدا پەیوەندی بە نەسڕەوە بكەم، و ئارەزووی خۆمم دەربڕی بۆ پەرەپێدانی تۆپی پێ لێرە، ئەمە ئاڵنگاریەكی نوێیە، دەمەوێت بە ئەزموونێکی نوێدا تێپەڕ بم، دەمەوێت هەمووان بیرۆکەیەکی نوێیان هەبێت دەربارەی تۆپی پێ لە سعودیە.

خەڵک قسە دەکەن و بۆچوونی خۆیان دەڵێن، بەڵام لە تۆپی پێ نازانن، لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا هەموو هەڵبژاردەكان ئامادە و ڕێکخراون، ناتوانین لەبیرمان بچێت کە سعودیە و کۆریای باشوور و یابان چیان پێشکەش كردوو، چیتر ئاسان نییە باس لە جیاوازییە بەرفراوانەکانی نێوان هەڵبژاردەكان بکرێت، گرنگ نییە خەڵک چی لەبارەی منەوە دەڵێن، گرنگی بە بڕیارە کەسییەکانم دەدەم و ڕێز لە بڕیارەکانم دەگرم، خولی سعودی ڕۆحێکی ڕکابەری گەورەی هەیە، زۆر سەیری یارییەکانم کرد و هیوادارم ئەزموونەکەم لێرە سەرکەوتوو بێت، ئەگەر ڕاهێنەر ڕێگەم بدات یاری داهاتوو بەشداری دەكەم.

من یاریزانێکی تۆپی پێم، لە ئەوروپا ڕیکۆردەکانم شکاند، ئێستاش لە ئاسیادا دەیشکێنم، بەشێکی دانەبڕاو دەبم لەم وڵاتە و پێشکەوتنی تۆپی پێ لێرە، من لێرەم دەورەدراوم بە کەسانێک کە پاڵنەری منن ، کە وا دەکەن زەردەخەنە لەسەر لێوەکانم بێت “.

بابەتی زیاتر

Back to top button