جیهانگرنگترین

دەوڵەمەندترین وەرزشکارەکان؛ رۆناڵدۆ لە هەموو کاتێک دەوڵەمەندترە

چوارەم ساڵە بەدوای یەکدا پێشەنگ دەگرێت

Yariga App

یاریگا –

گۆڤاری فۆربس، کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەکوو وەرزشکاری خاوەن زۆرترین مووچە لەسەر زەوی بە 300 ملیۆن دۆلار دیاری دەکات، کە ئەمە ژمارەیەکی پێوانەیییە و لەگەڵ ریکۆردە مێژووییەکەی فلۆید مەیوێزەر یەکسان دەبێتەوە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە پێنجشەممەی پێشوو یەکەم نازناوی فەرمیی خۆی لە سعوودییە بەدەستهێنا، بەردەوامی بە پەرەپێدانی ئیمپراتۆریەتێک دەدات کە هیچ قەیرانێک ناناسێت. بە گوێرەی گۆڤاری فۆربس، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بۆ چوارەم وەرزی لەسەریەک و شەشەم جار لە کۆی گشتیدا، پێشەنگی لیستی ئەو 10 وەرزشکارەی گرتووە کە خاوەن بەرزترین مووچەن، بە داهاتی خەمڵێندراوی 300 ملیۆن دۆلار پێش باج و سەرانەکان بەدەست دەهێنێت. ئەم ژمارەیە 235 ملیۆن دۆلار لە گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ و 65 ملیۆن دۆلاری دیکە لە سپۆنسەر، مۆڵەتەکان و بازرگانییەکان لەخۆ دەگرێت، کە ئەمەش لەگەڵ ریکۆردی هەموو سەردەمەکان کە فلۆید مەیوێزەر لە ساڵی 2015 تۆماری کردبوو، یەکسان دەبێتەوە. هاوکاوت رۆناڵدۆ لەگەڵ مایکڵ جۆردن بە شەش جار دەرکەوتن لە پێشەنگی رێزبەندییە مێژووییەکەدا یەکسان دەبێتەوە، کە تەنیا لە دوای تایگەر وودز بە یازدە جار دەرکەوتن دێت.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یاریزانی نەسڕ

10 وەرزشکارەکەی پێشەوەی لیستەکەی ئەمساڵ بە کۆی گشتی 1.4 ملیار دۆلار کۆدەکەنەوە، کە ئەمەش زیاتر لە دوو هێندەی بڕی 10 ساڵ لەمەوبەرە، کاتێک خودی کریستیانۆ بە 88 ملیۆن دۆلار باڵادەستیی خۆی دەست پێ کرد. ئەم لیستە هاوکات چەندین ئاکام کە رەنگدانەوەی گۆڕانی ئاڕاستەی پیشەسازیی وەرزشن روون دەکاتەوە. یەکەم: تۆپی پێ وەکوو پاشا دەمێنێتەوە. رۆناڵدۆ پێشەنگی رێزبەندییەکە دەگرێت، مێسی بە 140 ملیۆن دۆلار پلەی سێیەم و کەریم بێنزێماش بە 104 ملیۆن دۆلار پلەی هەشتەم بەدەست دەهێنن. ئەو سێ یاریزانە پێکەوە 544 ملیۆن دۆلار، کە نزیکەی 40%ـی کۆی گشتیی داهاتی 10 وەرزشوانەکەی پێشەوە پێکدەهێنن.

کانێلۆ ئالڤارێز بە 170 ملیۆن دۆلار دوای رێککەوتنە ملیۆنییەکەی لەگەڵ وەرزی ریاز پلەی دووەمی سەکۆی سەرکەوتووان تەواو دەکات. ئەو بۆکسێنەرە مەکسیکییە گۆڕانکارییەکی دیکەی گەورە لە رێزبەندییەکەدا کە ئەویش هێزی دارایی سعوودیەیە نیشان دەدات. سعوودییە داهاتی هەندێک لە گەورەترین ئەستێرەکانی سەر زەوی بە شێوازێکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە. مووچەی کریستیانۆ لە دوای گەیشتنی بە خولی پیشەگەری سعوودی لە ساڵی 2023 سێ هێندە زیادی کردووە، لە کاتێکدا بێنزێما، کە ئێستا لە یانەی هیلالە، ئەویش هێڵی 100 ملیۆن دۆلاری بەزاندووە.

لیستی 10 وەرزشکاری خاوەن بەرزترین مووچەی جیهان لە 2026

  • کریستیانۆ رۆناڵدۆ | تۆپی پێ | پۆرتوگال | 41 ساڵ: 276 ملیۆن یۆرۆ (216 ملیۆن یۆرۆ مووچە + 60 ملیۆن یۆرۆ سپۆنسەری)

  • کانێلۆ ئالڤارێز | بۆکسێن | مەکسیک | 35 ساڵ: 156 ملیۆن یۆرۆ (147 ملیۆن یۆرۆ مووچە + 9 ملیۆن یۆرۆ سپۆنسەری)

  • لیۆ مێسی | تۆپی پێ | ئەرجەنتین | 38 ساڵ: 128 ملیۆن یۆرۆ (64 ملیۆن یۆرۆ مووچە + 64 ملیۆن یۆرۆ سپۆنسەری)

  • لیبرۆن جەیمس | باسکە | ئەمریکا | 41 ساڵ: 126 ملیۆن یۆرۆ (48 ملیۆن یۆرۆ مووچە + 78 ملیۆن یۆرۆ سپۆنسەری)

  • شۆهێی ئۆتانی | بەیسبۆڵ | ژاپۆن | 31 ساڵ: 117.4 ملیۆن یۆرۆ (2.4 ملیۆن یۆرۆ مووچە + 115 ملیۆن یۆرۆ سپۆنسەری)

  • ستێفن کێری | باسکە | ئەمریکا | 38 ساڵ: 115 ملیۆن یۆرۆ (55 ملیۆن یۆرۆ مووچە + 60 ملیۆن یۆرۆ سپۆنسەری)

  • جۆن رام | گۆڵف | ئیسپانیا | 31 ساڵ: 98 ملیۆن یۆرۆ (89 ملیۆن یۆرۆ مووچە + 9 ملیۆن یۆرۆ سپۆنسەری)

  • کەریم بێنزێما | تۆپی پێ | فەرەنسا | 38 ساڵ: 95.7 ملیۆن یۆرۆ (92 ملیۆن یۆرۆ مووچە + 3.7 ملیۆن یۆرۆ سپۆنسەری)

  • کیڤن دورانت | باسکە | ئەمریکا | 37 ساڵ: 95 ملیۆن یۆرۆ (50 ملیۆن یۆرۆ مووچە + 45 ملیۆن یۆرۆ سپۆنسەری)

  • لویس هامڵتن | فۆرمولا 1 | بەریتانیا | 41 ساڵ: 92 ملیۆن یۆرۆ (64 ملیۆن یۆرۆ مووچە + 28 ملیۆن یۆرۆ سپۆنسەری)

دۆسیەکەی مێسی پێویستی بە سەرنجێکی تایبەت هەیە. ئەو یاریزانە ئەرژەنتینییە تەمەن 38 ساڵە 70 ملیۆن دۆلار لەناو یاریگادا و 70 ملیۆن دۆلاری دیکەش لە دەرەوەی یاریگا بەهۆی رێککەوتنە بازرگانییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەکوو ئادیداس و ئەپڵ تیڤی بەدەست دەهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، مووچەکەی لە یانەی ئینتەر میامی کە 28.3 ملیۆن دۆلاری مسۆگەرکراوە لەم وەرزەدا، هێشتا لەو 235 ملیۆن دۆلارەی کە کریستیانۆ لە سعوودییە بەدەستی دەهێنێت دوورە. سەرەڕای ئەمەش، ژمارەکەی مێسی کۆی گشتیی بودجەی مووچەی 28 یانەی خولی ئەمریکی تێدەپەڕێنێت.ا

لیستی ئەو وەرزشکارانەی کە زۆرترین داهاتیان هەبووە

ئەم ریزبەندییە هاوکات گۆڕانکارییەکی دیکەی سەرەکی، کە ئەویش تەمەنی گەورەی خاوەن سامانە هەرە زەبەلاحەکانی جیهانی وەرزشە ئاشکرا دەکات. تێکڕای تەمەنی 10 یاریزانە پێشەنگەکە بەرەو 37 ساڵ بەرز دەبێتەوە، کە ئەمەش بەرزترین رێژەیە لەو کاتەوەی فۆربس دەستی بە بڵاوکردنەوەی ئەم ریزبەندییە کردووە. کریستیانۆ، لیبرۆن جەیمس و لویس هامیلتۆن هەموویان تەمەنیان 41 ساڵە؛ مێسی و بێنزێماش تەمەنیان 38 ساڵە. تەنیا شۆهێی ئۆتانی، جۆن رام و کانێلۆ تەمەنیان لە خوار 35 ساڵەوەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button