پریمەرلیگ و سیتی زۆرترین پارە لە مۆندیالی قەتەردا بەدەست دەهێنن
یاریگا-
ئەو یانانەی یاریزانەكانیان بەشداریان لە یاریەكانی جامی جیهانی 2022ی قەتەڕدا كرد لەبەرامبەردا پاداشت وەردەگرن.
بەپێی زانیاریەكانی ڕۆژنامەی ماركا یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ” فیفا ” پارەیەكی زۆر دەخاتە خەزێنەی چەندین یانەی جیهانەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە فیفا بڕی 236 ملیۆن یۆرۆ دابەشی 400 یانەی جیاوازی دەكات لە سەرتاسەری جیهاندا.
لە ڕیزبەندی یەكەم مانچێستەر سیتی دێت كە زۆرترین قازانج دەكەن و لە پلەی دووەمیش بارسێلۆنا و لە ڕیزبەندی سێیەمیش بایرن میونشن دێت.
مان سیتی بڕی 5.36 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و بارسێلۆناش بڕی 5.34 ملیۆن یۆرۆ و بایرن میونشنیش بڕی 4.99 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرن.
پاریس سان جێرمان لە پلەی چوارەم دێت و بڕی 4.65 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و لە دوای ئەو مانچێستەر یۆنایتد دێت.
لە سەر ئاستی خولەكانیش پریمەرلیگ لە پلەی یەكەم دێت و سەرجەم یانەكانی بڕی 47.99 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرن و لە پلەی دووەمیش خولی ئیسپانی دێت كە بری 26.2 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرن و خولی ئەڵمانیش لە پلەی سێیەمە كە بڕی 23.7 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرن.