
یاریگا–
لیۆنێل میسی، گۆڵکاری مێژوویی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا نزیکەی یەک هەفتەیە کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی هاتووە و تاوەکو ئێستاش گرێبەستەکەی نوێ نەکراوەتەوە، دەنگۆیەکیش هەیە کە ئەو یانەیە بەهۆی کەلەکەبوونی قەرزەکانی توانای ئەوەی نیە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.
کەناڵی Rac1 ئاشکرای کردووە کە ئەنجومەنی لالیگای ئیسپانیا هۆشداری داوەتە سەرۆکایەتی بلاوگرانا، بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی گۆڵکاری ئارجێنتینایی یانەکەیان و هەروەها تۆمار کردنی ناوی یاریزانە نوێیەکانی یانەکەیان، پێویستە بەشێک لە قەرزەکانیان بدەنەوە، بە پێچەوانەوە ئەو یاریزانانە ناتوانن وەرزی داهاتوو بەشداری یارییەکانی یانەکەیان بکەن، هەر ئەمەش وایکردووە کە پرۆژەی نوێکردنەوەی گرێبەستی گۆڵکاری ئەو یانەیە دوابکەوێت.
بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆ قەرزارە، هەر یانەیەکیش قەرزەکانی ئەم سنورە تێپەڕێنێت، سەرەتا پێویستە هەندێک لە قەرزەکانی بداتەوە ئینجا لە پێناو گواستنەوەی یاریزانی نوێ و هەروەها نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانان پارە خەرج بکات.