ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

بەربەستەکانی بەردەم بارسێلۆنا؛ بیلباو یاری بە کات دەکات و نرخی لاپۆرت بەرز دەکاتەوە

نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لاپۆرت دووهێندەی ئەوەیە کە باس دەکرێت

Yariga App

یاریگا –

بارسێلۆنا چاوی بڕویتە ئێمریک لاپۆرت، بەرگریکاری ئاتلێتیک بیلباو و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، کە یەکێک بوو لە یاریزانە هەرە درەوشاوەکانی هەڵبژاردەکە و رۆڵی گرنگی لە بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال هەبوو.

بەرگریکارەکەی ئاتلێتیک بیلباو لە پاڵ پاو کوبارسی، بەرگریکاری لاوی بارسێلۆنا، دووانەیەکی بەهێز و پۆڵاینیان لە هێڵی بەرگریدا پێکهێنابوو، بەجۆرێک لە تەواوی پاڵەوانێتییەکەدا، ئیسپانیا تەنیا یەک گۆڵی لێ کرا؛ بەهۆی ئەم ئاستە بەرزەوە، بلاوگرانا بەجیددی بیر لە گواستنەوەی بەرگریکارەکە دەکاتەوە کە لەلایەن بەڕێوەبەری کارەکانیەوە پێشکەشی یانەکە کراوە.

رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، کارگێڕیی بارسێلۆنا، لاپۆرت وەکوو هەلێکی زێڕینی بازاڕ دەبینێت کە دەتوانێت هەمان ئەو رۆڵە ببینێت کە پێشتر ئینیگۆ مارتینێز دەیبینی، بەر لە رۆیشتنی بۆ سعوودیە.

رۆژنامە کاتالوونییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە جووڵەکانی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی لاپۆرت، بەهیچ شێوەیەک بە دڵی کارگێڕیی یبیلباو نییە وبەرپرسانی سان مامێس هێشتا بەهۆی دۆسیەی نیکۆ ویلیامسەوە لە یانەکە تووڕەن و جارێکی دیکە هەست بە مەترسییەکانی کاتالوونییەکان بۆ سەر ئەستێرەکانیان دەکەن.

پەیامی بیلباو زۆر روونە؛ ئەگەر یانە کاتالوونییەکە دەیەوێت پاڵەوانی جیهان بباتە ریزەکانی، دەبێت مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بەتەواوی بدات، چونکە لاپۆرت تاوەکوو 30ـی حوزەیرانی 2028 گرێبەستی هەیە و یانە باسکییەکە بەهیچ شێوەیەک بیر لە فرۆشتنی ناکاتەوە.

مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە؛ راستی یان چەواشەکاری؟
رۆژنامە کاتالوونییەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لاپۆرت لە نێوان 12 بۆ 15 ملیۆن یۆرۆدایە، بەڵام بیلباو یاری بە کات و زانیارییەکان دەکات، ئەوە رەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو بڕەی پێویستە بارسا بۆ لاپۆرت بیدات، نزیکەی دووهێندەی ئەو ژمارەیەیە کە لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە.

 بۆ ئەوەی لاپۆرت بگاتە کامپ نۆو، پێویستە بارسا دەستبەرداری یەکێک لە یاریزانەکانی هێڵی بەرگری ببێت و هانزی فلیک  پێنج دڵی بەرگری لەبەردەستدایە؛ کوبارسی، ئێریک گارسیا، جیرارد مارتین، ئاراوخۆ و ئاندرێیاس کریستێنسن کە تازە گرێبەستەکەی نوێکردووەتەوە.

هەرچەندە ئێریک گارسیا دەتوانێت وەکوو بەرگریکاری راست و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستیش یاری بکات بەتایبەت پاش پێکانە سەختەکەی فرێنکی دی یۆنگ، جیرارد مارتینیش دەتوانێت وەکوو بەرگریکاری چەپ یاری بکات، بەڵام هێشتا هاتنی لاپۆرت پێویستی بە فرۆشتنی یاریزانێکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button