جارێکی دیکە بانگهێشتم مەکەوە؛ هاندەران داوا لە کوکورێیا دەکەن بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکات
"ناتوانیت داوای هیچ شتێکی زیاتر بکەیت"

یاریگا –
ئیسپانیا بۆ دووەمجار لە مێژووی خۆیدا بوو بە پاڵەوانی مۆندیال و چەندین پاڵەوانی نوێی تیمی نیشتمانی بەڵێنی جیاوازیاندا ئەگەر توانییان نازناوەکە بەرز بکەنەوە. یەکێک لەوانە مارک کوکورێیا بوو.
بەرگریکاری نوێی ریال مەدرید پێشتر بەڵێنی دابوو کە تاتۆیەکی دەموچاوی لویس دێلا فوێنتێی راهێنەری سەرەکی بکات و دوای یاریی کۆتایی ئەو پشتڕاستی کردەوە کە بەنیازە ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکات و گوتی:
ئێستا پێویستە بزانم لە کوێ تاتۆکەی لویس دێلا فوێنتێ دەکەم! لە شوێنێک دەبێت کە دیار بێت! لە کاتی فڕین بەرەو ماڵەوە بیر لەوە دەکەمەوە.
شتێکی سەرسوڕهێنەر نابێت ئەگەر تاتۆکەی کردبێت کاتێک ئیسپانیا ئاهەنگی سەرکەوتنی خۆی لە شەقامەکانی مەدریددا دەگێڕێت. لە ئینستاگرام تەنانەت لە فۆڵۆوەرەکانی خۆی پرسی کە ئایا هیچ کەسێک تاتۆکارێکی باش دەناسێت.
بەڵێنێکی دیکەی کە ماوەیەک لەمەوبەر دابووی ئێستا جارێکی دیکە بە شێوەیەکی فراوان بڵاوبووەتەوە، کە هاندەران داوای لێدەکەن جێبەجێی نەکات. کوکورێیا پێشتر گوتبووی:
ئەگەر مۆندیال ببەمەوە، رۆژی دواتر پەیوەندی بە لویسەوە دەکەم و پێی دەڵێم کە واز لە تیمی نیشتمانی دەهێنم، پێی دەڵێم کە هەرگیز جارێکی دیکە پشت بە من نەبەستێت. دوای بردنەوەی یۆرۆیەک و مۆندیالێک، ناتوانیت داوای هیچ شتێکی زیاتر بکەیت.
خۆشبەختانە بۆ ئیسپانیا، وادیارە کوکورێیا بەم نزیکانە بۆ هیچ شوێنێک ناڕوات.



