شایەنی ئەوەن لە کۆتایی بن؛ دیشام پێش ماڵاوایی لە فەڕەنسا ستایشی ئەرجەنتین و ئیسپانیا دەکات
"کلیان پێویستی بە پاڵنەر نییە"

یاریگا –
پێش یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەمی مۆندیالی 2026ـی فەرەنسا بەرامبەر ئینگلتەرا، دیدێ دیشامی راهێنەری سەرەکی رایگەیاند کە ئەرجەنتین و ئیسپانیا بە شایستەیی گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی، هاوکات باسی لە کۆتا رۆژەکانی خۆی کرد وەکوو راهێنەری تیمی نیشتمانیی فەرەنسا.
دیشام لە کاتی کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی پێش یارییەکەدا گوتی:
ئیسپانیا و ئەرجەنتین باشتر بوون و شایەنی ئەوەن لە یاریی کۆتاییدا بن. ئەوان شکستیان بە هەر رکابەرێک هێنا کە رووبەڕوویان بووەوە.
راهێنەرە فەرەنسییەکە ئەو دەنگۆیانەشی رەت کردەوە کە دەیانگوت شکستی فەرەنسا لە نیوەی کۆتایی بەرامبەر ئیسپانیا لەژێر کاریگەریی ئیڤان بارتۆنی ناوبژیواندا بووە، هەرچەندە دانی بەوەدا نا کە کارتی زەردەکەی ئادریان رابیۆ باجێکی قورسی هەبوو.
دیشام بە شێوازێکی تایبەتیتر، باسی لەو هەست و سۆزە کرد، کە لە دەوری کۆتاییهاتنی ماوەی کارکردنە ناوازەکەی هەیە و گوتی:
لە مێشکی خۆمدا، زۆر باش دەزانم کە شەممە پەردەکە لادەدرێت و کۆتایی دێت. بەبێ ئەوەی هەوڵ بدەم کەس بگریێنم، دەزانم بیری تیمی نیشتمانیی فەرەنسا دەکەم. من شەرەفی پۆشینی ئەم درێسەم هەبووە و ساتگەلێکی باوەڕپێنەکراو و هەروەها سەختم ئەزموون کردووە، بەڵام ژیان بەردەوامە. نازانم لە داهاتوودا چی دێت، بەڵام من بە سروشتی خۆم کەسێکی ئەرێنیم، بۆیە دەزانم باش دەبێت. تیمی نیشتمانیی فەرەنسا گەورەترین شت بووە لە ژیانی پیشەیی مندا. 25 ساڵ شوێنەواری خۆی لە ژیانی مرۆڤدا جێدەهێڵێت چونکە یادەوەریی لەبیرنەکراو دروست دەکات، بەڵام ئەوەی هەرە گرنگە هەمیشە ئەوەیە کە لەپێشمانە.
سەرەڕای هەست و سۆزی ماڵاواییەکەی، دیشام جەختی لەوە کردەوە کە فەرەنسا هێشتا پێداگرە لەسەر کۆتاییهێنانی پاڵەوانییەتییەکە بە ئەنجامێکی باش و گوتی:
من هەست بە بەرپرسیارییەتییەکی گەورە دەکەم بۆ ئەم یارییەی لەپێشمانە، ئەمە یارییەکی دۆستانە نییە. دیارە ئەمە ئەو یارییە نییە کە دەمانویست بیکەین، بەڵام ئەوەیە کە لەبەردەستمانە. ئەمە بۆ پلەی سێیەمە، من، ستافەکەم و یاریزانەکانم ئەرکمانە هەموو شتێک بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە بکەین. ئینگلتەرا ئەمەی ناوێت، ئێمەش نامانەوێت، بەڵام ئەمە ئەو شتەیە کە هەیە و ئەوەشە کە من سەرنجم لەسەریەتی.
سەبارەت بە پێکهاتەکەی، دیشام دووپاتی کردەوە کە گۆڕانکاری بەرامبەر ئینگلتەرا دەکرێت و گوتی:
تاکە شتێک کە بۆ من گرنگە ئەوەیە کە هیچ کەسێک تەنیا لەبەر ئەو هۆکارە یاری ناکات کە بژاردەی دیکە نییە.
کاتێک پرسیاری لێکرا دەربارەی هەوڵەکانی کیلیان ئێمباپێ بۆ بەدەستهێنانی پێڵاوی زێڕینی مۆندیال، کە ئێستا هاوشێوەی لیۆنێل مێسی هەشت گۆڵی هەیە، هەرچەندە مێسی یەک ئەسیستی زیاتری هەیە، دیشام گوتی:
هەمیشە پاڵنەر هەن، کلیان پێویستی بە پاڵنەر نییە. ئەمە تەواو رەوایە بۆ ئەو کە خاوەنی ئەو ئامانجە تاکەکەسییە بێت. لەوانەیە شتی دیکەش لە مێشکیدا بن کە کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی هەبێت. ئەمە کۆتا یاریی ئێمەیە، بەڵام تەنیا یارییەک نییە و بەس. ئەمە ژیانی یاریزانەکان ناگۆڕێت، بەڵام باشترە لە پلەی سێیەمدا کۆتایی پێبهێنیت وەکوو لە پلەی چوارەم. ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، بە ئێمباپێشەوە وەکوو کاپتن.
بە چاوخشاندنەوە بەسەر شکستی نیوەی کۆتاییدا، دیشام دانی بەوەدا نا کە ئیسپانیا شایەنی سەرکەوتن بوو و گوتی:
کاتێک دەیبەنەوە بزە و دڵخۆشی هەیە. کاتێک دەدۆڕێیت، زۆر کەمتر خۆشە، بەڵام دەبێت قبووڵی بکەیت. ئیسپانیا لە ئێمە باشتر بوو، ئامارە جەستەیییەکانی ئێمە، لە رووی مەودای بڕدراو و توندییەوە باش بوون، بەڵام تۆپی پێ پەیوەندی بە کوالێتی تەکنیکیشەوە هەیە و ئیسپانیا ئاستەکەی بەرز کردەوە. لە کۆتاییدا ئەوان سەرکەوتن و ئێمە نەگەیشتین. بێئومێدییەکە هاوتای ئەو تموحە بوو کە بە شێوەیەکی رەوا هەمانبوو و دەبێت ئەوە قبووڵ بکەین. ئێمە هێشتا ئەم یارییەمان ماوە بیکەین و پاشان پشووەکان، کە هەم یاریزانەکان و هەم منیش پێویستمان پێیەتی.
لە کۆتاییدا، کاتێک ئەم بەشداریکردنەی بەراورد بە مۆندیالی 2022 لە قەتەر کرد، دیشام دانی بە کەمکوڕییەکانی فەرەنسا دا نا و گوتی:
دەمان توانی باشتر بەرگری بکەین. ئایا بە باشی هێرشمان برد؟ نەخێر، چونکە چەندین هەلمان بەفیڕۆدا و رکابەرەکەشمان دڵنیا بووەوە لەوەی کە زیاتریش بەفیڕۆ بدەین. لە دەوحە ئێمە بە چوار یاریزانی هێرشبەرەوە گەیشتینە یاریی کۆتایی و ئەوە بڕیاری من بوو. ئەو راستییەی کە ئەمجارە نەگەیشتینە یاریی کۆتایی هەموو شتێک ناگۆڕێت. دەبێت دەستخۆشیش لە رکابەرەکە بکەیت.



