جەنگی 80 ملیۆن پاوەندی؛ ماتیۆس فێرناندێش لە نێوان چوار زلهێزی ئەوروپا
چوار یانەی گەورەی ئەوروپا شەڕی بەدەستهێنانی واژۆی ناوەڕاستکارە پۆرتوگالییەکە دەکەن

یاریگا –
هاوینی 2026 بۆ ماتیۆس فێرناندێش، ئەستێرەی لاوی یانەی وێستهام یونایتد، هاوینێکی چارەنووسسازە و هێشتا دیار نییە وێستگەی داهاتووی کام یانەی گەورەی ئەوروپا دەبێت.
دەیڤد ئۆرنشتاین، رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراوی تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، دوای ئاستە بەرزەکەی لە پرێمەرلیگ، ئێستا یاریزانە تەمەن 21 بەهارییەکە بووەتە ئاڵتوونی بازاڕی گواستنەوە و چوار یانەی گەورەی ئەوروپا شەڕی بەدەستهێنانی دەکەن.
🚨 Tottenham Hotspur among clubs keen on signing Mateus Fernandes from West Ham United – separate to #THFC pursuit of Sandro Tonali. Interest driven by Roberto De Zerbi; wants #WHUFC talent as well as #NUFC midfielder. W/ @DTathletic @SebSB @TheAthleticFC https://t.co/xnahVXnYAZ
— David Ornstein (@David_Ornstein) June 18, 2026
وێستهام و فشاری دارایی
دوای دابەزینی یانەی وێستهام بۆ چامپیۆنشیپ، یانەکە ناچارە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە داراییەکانی کە بە 150 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێنرێت، دەستبەرداری ئەستێرەکانی ببێت. فێرناندێش کە لە هاوینی 2025 بە 38 ملیۆن پاوەند لە ساوسهامتنەوە گواسترایەوە، ئێستا گرانبەهاترین کاڵای یانەکەیە.

تۆتنهام؛ دی زێربی بە توندی فشار دەکات
یانەی تۆتنهام لە قۆناخێکی نوێدایە و بەدوای رێکخستنەوەی پێکهاتەکەیانن دوای ئەوەی ئەم وەرزە پلەی 17ـی ریزبەندی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا. رۆبێرتۆ دی زێربی، راهێنەری نوێی یانەکە، فێرناندێشی وەکوو بژاردەی یەکەم بۆ ناوەڕاستی یانەکەی دەستنیشان کردووە.
لە هەمان کاتدا تۆتنهام لە گفتوگۆکانی گواستنەوەی بۆ ساندرۆ تۆنالی، ناوەڕاستکاری نیوکاسڵ یونایتد بەردەوامە، بەڵام کێبڕکێی مانچێستەر سیتی لەسەر ئەو ناوەڕاستکارە ئیتاڵییە، تۆتنهامی ناچارکردووە هەوڵەکانی بۆ فێرناندێش چڕبکاتەوە.

مانچێستەر یونایتدیش چاوی لە فێرناندێشە
مانچێستەر یونایتد کە پێشتر گواستنەوەی ئێدێرسنـیان لە ئاتاڵانتاوە بە 45 ملیۆن یۆرۆ یەکلاکردووەتەوە، هێشتا تێر نەبوون. مایکل کاریک دەیەوێت فێرناندێش وەکوو هاوبەشی کۆبی مەینوو لە هێڵی ناوەڕاست جێگیر بکات. مان یونایتد لە گفتوگۆ سەرەتاییەکان لەگەڵ بریکارەکانی یاریزانەکە پێشکەوتووە و فێرناندێشیان وەکوو بژاردەی لەپێشینە داناوە.

چاوە رکابەرەکانی پاریس و ریال مەدرید
کێبڕکێکە تەنیا لە نێو ئینگلتەرا نەماوەتەوە، بەڵکوو هەریەکە لە پاریس سانجێرمان و ریال مەدریدیش چاویان بڕیوەتە ئەم یاریزانە. پاریس دەیەوێت هێڵی ناوەڕاستی خۆی نوێ بکاتەوە، ریال مەدریدیش وەکوو ئەوەی هەمیشە دەیکات، چاودێریی یاریزانە گەنجە بەهرەمەندەکان دەکات بۆ داهاتووی یانەکە.

ژمارەکانی فێرناندێش؛ بۆچی هەمووان دەیانەوێت؟
فێرناندێش بەشداریی 42 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان کردووە، لەو ژمارە یارییە پێنج گۆڵی کردووە و پێنج گۆڵیشی بۆ هاوڕێکنی دروستکردووە، هەروەها سەرەڕای تەمەنی، فێرناندێش توانای کۆنتڕۆڵکردنی یاریگا و دڵنیایی لە رادەستکردنی تۆپەکان هەیە، ئەمەش وای لێکردووە بەربژێرێکی بەهێزی باشترین یاریزانی وەرزی وێستهام بێت.

کۆتایی یارییەکە؟
نرخی 80 ملیۆن پاوەند بۆ یاریزانێک کە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نییە، ئاستەنگێکی گەورەیە. وێستهام دەیەوێت بە زۆرترین نرخ یاریزانەکە بفرۆشێت، لەکاتێکدا ساوسهامتن [یانەکەی پێشووی] خاوەنی 15٪ـی داهاتی فرۆشتنەکەیە.


