
یاریگا –
مارک کوکورێیا لەسەر ئەو رخنە و کاردانەوانەی دوای پەیوەندیکردنی بە ریال مەدریدەوە، هاتەدەنگ.
کوکورێیا کە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیایە بۆ خۆئامادەکردن بۆ یاریی دووەمی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر سعوودیە لە مۆندیالی 2026, هەر لە ئەرکە نێودەوڵەتیەکەیدابوو کە لە پڕ ریال مەدرید هاتە کێبڕكێی گواستنەوەیەوە و لە چنگی بارسێلۆنای دەرهێنا.
بەرگریکارەکەی لای چەپ کە تەمەنی نزیکدەبێتەوە لە 28 ساڵی، لە لاوێتیدا لە 2012 تا سەرکەوتنی بۆ ئاستی پیشگەرێتی لە 2017 یاریزانی بارسێلۆنا بوو. لە 2020 دوای چەندجارێک بەخواستن ناردنەدەرەوەی، بەیەکجاریی بە یانەی خیتافێی فرۆشت. دواتر پەیوەندی بە بڕایتنەوەکرد و لەو یانەیە ئاستی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە تا یانەی چێڵسی لە ساڵی 2022 گواستیەوە ریزەکانی.
لە نوێترین لێدوانیدا لەسەر کاردانەوەی بارسێلۆنییەکان، کوکورێیا وتی
کاردانەوەی چواردەورەکانی بارسێلۆنا؟ پێویستە رێز لە بۆچوونە جیاوازەکان بگریت. من سوپاسگوزاری هەرشتێکم کە بارسێلۆنا پێشکەشی کردم. کاتێک ریال مەدرید زۆر جەخت دەکاتەوە (لە گواستنەوە)، زۆر زەحمەتی رەتبکرێتەوە، منیش هیچ دوودڵیەکم نەبوو لەوە.
سەبارەت بەوەی چۆن چێڵسی جێهێشت، مارک وتی
من لەگەڵ چێڵسی دڵخۆش بووم. بەڵام لە ژیاندا هەندێجار پێویستە گۆڕانکاریی بکەیت و قۆناخێکی نوێ دەستپێبکەیت کە خۆشت پێشبینی ناکەیت. جێهێشتنی چێڵسی ئاسان نەبوو، سوپاسگوزارم بۆ هەموو ئەو شتانەی پێیانبەخشیوم، بەڵام ئەم هەنگاوەی ئێستا هەڵیدەنێم گەورەترە: ئەویش گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەم و پەیوەندیکردن بە یانەیەکی نایاب.



