هەست بە بەرپرسیارییەتی دەکەین؛ بێلسا بەرپرسیارییەتی خۆی لە پێکانەکەی ئاراوخۆ رادەگەیەنێت
"کێشەیەک هەیە"

یاریگا –
لە شەوی پێش یەکەم یاریی ئوروگوای لە مۆندیال بەرامبەر سعوودییە، کە بڕیارە نیوەشەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە بەڕێوەبچێت، مارسێلۆ بێلسای راهێنەری ئوروگوای لە مەیامی لە بەرامبەر میدیاکاندا دەرکەوت، ئەمەش دوای ئەوەی کێشە کارگێڕییەکان گەشتی تیمەکەیان دواخست.
لە کاتی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بێلسا بەشێک لە بەرپرسیارییەتی پێکانەکەی رۆناڵد ئاراوخۆی گرتە ئەستۆ. بەرگریکارەکەی بارسێلۆنا لە کاتی راهێنانەکاندا لەگەڵ تیمی نیشتمانیی ئوروگوای لە ماسوولکەی قاچیدا تووشی کێشەی بوو، ئەمەش گومانی لەسەر ئامادەیی ئەو بۆ یاریی یەکەم دروستکرد.
بێلسا گوتی:
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، ئاراوخۆ تووشی هیچ پێکانێکی ماسوولکەیی نەببوو، ئەگەر یاریزانێک لە کاتی راهێنانەکاندا تووشی پچڕانی ماسوولکە بێت، کەواتە کێشەیەک هەیە.

راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە بەرگریی لەو بڕیارەش کرد کە رێگەی بە بەرگریکارەکەی بارسێلۆنا دا گەشتێکی خێرا بۆ ئیسپانیا بکات بۆ هەڵسەنگاندنی پێکانەکەی و گوتی:
ئاراوخۆ لەگەڵ ئەو کەسانەدا کار دەکات کە متمانەی تەواوی پێیان هەیە. سەرجەم بڕیارەکان لەگەڵ ئەو کەسانە و خودی ئاراوخۆدا رێککەوتنیان لەسەر دەکرێت. بۆیە وەکوو چۆن لە روونکردنەوەکەمەوە تێدەگەن، ئێمە هەستمان بە بەرپرسیارییەتی کرد و نەمان دەتوانی بە شێوازێکی جیاواز لەوەی کردمان رەفتار بکەین.
بێلسا هەروەها بڕیاری خۆی بۆ ئەنجامدانی کەمپی ئامادەکاریی پێش مۆندیالی ئوروگوای لەنێو خودی وڵاتەکەدا (لە مۆنتیڤیدیۆ) نەوەکوو لە یەکێک لە وڵاتانی خانەخوێ (ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەنەدا، یان مەکسیک) بە رەوا زانی. روونی کردەوە کە لەگەڵ چڕبوونی رۆژژمێری تۆپی پێ، مانەوە لە نزیک ماڵەکانیان رێگەی بە یاریزانەکان داوە هەم پابەندبوونی پیشەیی و هەم ژیانی خێزانییان بپارێزن.



