
یاریگا –
چاوەڕوان دەکرێت ئەستێرەکە یەکێک بێت لە یاریزانە سەرەکییەکانی ئۆرۆگوای لە مۆندیالدا، بەڵام دەکرێت بۆ یەکەم یاریی تیمەکە لە بەرامبەر سعوودییە لە 16ـی حوزەیراندا پشوو وەربگرێت.
رۆناڵد ئاراوخۆ لە کۆتا یەکەی راهێنانەکانی پێش بەڕێکەوتنی ئۆرۆگوای بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ تەواوی تیمەکەدا راهێنانی نەکرد، دوای ئەوەی تووشی گرژبوونی ماسوولکە بوو. ئەم کێشەیە بە مەترسیدار دانانرێت، بەڵام تیمی پزیشکی ئۆرۆگوای بڕیاریاندا دەست بە چارەسەری پێشوەختە بکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر ئاڵۆزییەکی دیکە.
جیا لە کێشە ماسوولکەیییەکە، ئاراوخۆ هاوکات تووشی نەخۆشییەکی هاوشێوەی ئەنفلۆنزا بووە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی (تا لێهاتن) و رێگری لێکردووە لەوەی لە دۆخێکی جەستەیی تەواو گونجاودا بێت.
بە رەچاوکردنی ئەم دۆخە، راپۆرتە میدیاییەکانی ئۆرۆگوای ئاماژە بەوە دەکەن کە پێدەچێت ئاراوخۆ یەکەم یاریی مۆندیال لەسەر کورسی یەدەک دەستپێبکات و پێدەچێت گێلێرمۆ ڤارێلا شوێنی ئەو لە پێکهاتەی سەرەکیدا بگرێتەوە. بەرگریکارەکەی بارسێلۆنا چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی پاڵەوانییەتییەکەدا وەکوو بەرگریکاری باڵی راست بۆ ئۆرۆگوای یاری بکات.
تاوەکوو چاکبوونەوەی لە ماوەی رۆژانی داهاتوودا، چاوەڕوان دەکرێت ئاراوخۆ بە تەواوی ئامادە بێت بۆ دووەم یاریی قۆناخی کۆمەڵەکان لە بەرامبەر کەیپ ڤێرد لە 22ـی حوزەیراندا و یاریی سێیەم کە زۆر گرنگە لە بەرامبەر ئیسپانیا لە 27ـی حوزەیراندا، یارییەک کە بە شێوەیەکی گشتی چاوەڕوان دەکرێت یەکلاکەرەوە بێت بۆ دیاریکردنی براوەی کۆمەڵەی H.



