ئابرووچوونێکی گەورە؛ بلیتەکانی عێراق لە مۆندیال فرۆشران و پارەکەی دیار نەماوە

یاریگا –
کەیسی بلیتەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ مۆندیالی 2026 بووەتە جێگەی بایەخی میدیاکان و جەماوەری وەرزشی، دوای ئەوەی بەڵگەنامەکان نیشانی دەدەن بڕێکی زۆر پارە لەم پرۆسەیەدا بە تەمومژاوی ماوەتەوە.
ئێستا ئەندامانی دەستەی کارگێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە فەرمی پەنجەی تۆمەت بۆ عەدنان درجال، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆن درێژ دەکەن.
زاملی: پلیتەکان بێ ئاگاداری ئێمە رادەست کراون
غالب زاملی، ئەندامی دەستەی کارگێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، رایگەیاند کە ونبوونی بلیتەکان لەم کاتە هەستیارەدا دەگەرێتەوە بۆ رەفتارێکی هەڵەی کارگێری پێشوو.
زاملی ئاماژەی بەوە کرد کە عەدنان درجال بلیتی سێ یاری یەکەمی هەڵبژاردەی عێراقی رادەستی لایەنێک کردووە لەناو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بێ ئەوەی دەستەی کارگێری و مەکتبی تەنفیزی ئاگادار بن.

وردەکاری دارایی و بلیتەکان
بەپێی زانیارییەکانی یاریگا و ئەو بەڵگەنامانەی بڵاوکراونەتەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕی 3,150 بلیتی بۆ یارییەکانی بەرامبەر هەڵبژاردەکانی (نەرویج، فەرەنسا، و سەنیگال) کریبوو.
تێچووی ئەم پلیتانە گەیشتووەتە (1,408,000) ملیۆنێک و چوارسەد و هەشت هەزار دۆلاری ئەمریکی، کە لەو بودجەیە دابین کراوە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بۆ هەڵبژاردە سەرکەوتووەکان بۆ مۆندیال تەرخانی دەکات كرینی بلیتهكان لهو پارهیهی فیفا لێبراوه.
رادەستکردن بێ گرێبەستی یاسایی
ئەوەی جێگەی گومان و پرسیاری چاودێرانە، ئەوەیە کە ئەم بڕە زۆرەی بلیتەکان رادەستی کۆمپانیایەک کراون بێ ئەوەی هیچ گرێبەستێکی فەرمی و یاسایی لە نێوان فیدراسیۆن و ئەو لایەنەدا هەبێت. ئەمەش وایکردووە ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق نەزانێت چارەنووسی بلیتەکان و داهاتەکەی چی بەسەر هاتووە و کێ لەم پارەیە سوودمەند بووە.
داوای لێکۆڵینەوە دەکرێت
ئەم دۆسیەیە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و لایەنە وەرزشییەکان داوا دەکەن لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکرێت بۆ دۆزینەوەی راستییەکان. فیدراسیۆنی ئێستا لە رێگەی نوێنەرەکانی لە ئەمریکا خەریکی بەدواداچوونە بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی بلیتەکان، تاوەکو مافی هاندەرانی عێراق و داهاتی فیدراسیۆن نەفەوتێت.



