ئیسپانیاگرنگترین

قەیرانێکی نوێ؛ بارسێلۆنا پارەی تەواوکردنی کامپ نۆوی پێ نەماوە

لاپۆرتا داوای درێژکردنەوەی قەرز دەکات

Yariga App

یاریگا –

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگای سپۆتیفای کامپ نوو و تەواوی پڕۆژەی گشتیی ‘ئێسپای بارسا’ رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی کتوپڕ بووەتەوە.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، ئەو بوودجە گەورەیەی کە پێشتر لە لایەن کۆمەڵێک وەبەرهێنەرەوە بە رابەرایەتی دامەزراوەی راوێژکاری ‘گۆڵدمان ساکس’ تەرخانکرابوو، کە بڕەکەی 1.45 ملیار یۆرۆ بوو، بە تەواوی کۆتایی هاتووە و بەشی تەواوکردنی پڕۆژە زەبەلاحەکەی یانە کاتالوونییەکە ناکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، کارگێڕیی بارسێلۆنا گەیشتووەتە ئەو راستییەی کە پارەی دیاریکراو بەشی کۆتاییهێنان بە کارەکانی یاریگاکە، هۆڵی ‘پالاو بڵاوگرانا’ و ناوچەکانی دەوروبەری ناکات.

بۆ قەرزی نوێ و زیادکردنی بوودجەکە، لاپۆرتا دەبێت مۆڵەت و رەزامەندی لە ئەندامانی نوێنەری یانەکە وەربگرێت. بۆ ئەم مەبەستەش، تاوتوێی ئەوە دەکات کە لە کۆمەڵەی گشتیی نائاسایی یانەکەدا لە مانگی تەممووزی داهاتوودا، یان لە کۆمەڵەی گشتیی ئاسایی سەرەتای وەرزی نوێ، ئەم داواکارییە فەرمییە پێشکەش بە ئەندامان بکات.

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا – جاومی کۆلبۆنی، سەرۆک شارەوانی بارسێلۆنا

دۆخی ئێستای کارەکانی سپۆتیفای کامپ نۆو

ئێستا، یاریگای مێژوویی بارسێلۆنا قۆناغی (1C)ی تێپەڕاندووە، کە رێگەی پێدا پێش چەند مانگێک رێژەی هاندەرانی بۆ 62،657 کەس زیاد بکات. کارەکانی ئێستا لەسەر بەرزکردنەوەی دوو ئەڵقەی کورسییەکانی VIP و نھۆمی سێیەمی یاریگاکە چڕبوونەتەوە. یانەکە چاوەڕوانی راپۆرتی کۆتایی شارەوانی بارسێلۆنا بۆ دیاریکردنی قۆناخەکانی داهاتوو و رێژەی زیادکردنی کورسییەکان.

پێشبینی دەکرێت قۆناخی ئێستا، کە تێیدا 9،400 کورسی VIP تەواو دەکرێت، تاوەکوو هاوینی ساڵی 2027 بەردەوام بێت، بەڵام بۆ قۆناخی کۆتایی، کە بریتییە لە دروستکردنی ریزی سێیەمی کورسییەکانی یاریگاکە و بنمیچی نوێ، یانەکە ناچار دەبێت لە سەرەتای وەرزی 2027-2028 بۆ ماوەیەکی کاتی جارێکی دیکە یاریگاکە جێبهێڵێتەوە، هەرچەندە هێشتا بەتەواوی روون نییە وێستگەی کاتیی داهاتووی تیپەکە کوێ دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button