چیرۆکی سەرسوڕهێنەری هەڵبژاردەی هایتی لە مۆندیالی 2026؛ کاتێک تۆپی پێ دەبێتە تاکە نەوای هیوا
لە هەژارییەوە بۆ مێژوو..

یاریگا –
لە جیهانێکدا کە زۆرجار پارە و ناوبانگ بڕیار لەسەر چارەنووسی تۆپی پێ دەدەن، چیرۆکی هەڵبژاردەی هایتی وەکوو درەوشانەوەی چرایەکە لەنێو تاریکی.
وڵاتێک کە دەرد و ئازار بەشێکی رۆژانەی ژیانیانە، ئەمڕۆ لە مۆندیالی 2026، نەک تەنیا وەکوو تیمێک، بەڵکوو وەکوو پەیامێک دەرکەوتوون.
وڵاتێک کە لە %60ـی دانیشتوانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدان، بەڵام ئەمڕۆ بە هەموو جیهان دەڵێن؛ بۆ ئێمە، تۆپی پێ تەنیا یارییەک نییە، بەڵکوو خودی هیوا و ژیانە.
سەرکەوتنێک بەرامبەر نەهامەتییەکان
هایتی سەرەڕای ئەو بارودۆخە ئابوورییە سەختەی تێیدایە و سەرەڕای ئەوەی بەهۆی شەڕی ناوخۆوە ناچار بوون تەواوی پاڵاوتنەکانی مۆندیال لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بکەن، بەڵام توانییان مێژوو بنووسنەوە و بگەنە ئەم کەرنەڤاڵە جیهانییە.
پاداشتێک بۆ هیوا
حکومەتی هایتی لە بەرامبەر ئەم دەستکەوتە مێژووییە، بڕی 4 ملیۆن دۆلاری وەکوو پاداشت بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی تەرخان کردووە، واتا پشکی هەر یاریزانێک لەم پاداشتە نزیکەی 87 هەزار دۆلار دەبێت. سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی هایتی، مۆنیک ئاندرێ، لەم بارەیەوە دەڵێت؛
ئەمە پێدانی پارە نییە، بەڵکوو پەیامێکی هیوا، متمانە و نیشانەی نەتەوەیەکە کە رۆڵەکانی خۆی دەناسێت و بڕوای بە تواناکانی خۆی هەیە.
🇭🇹 ⚽️ 🗣️ Haiti coach Sébastien Migné will likely get his wish. The Haiti v Peru friendly at Nu Stadium Friday is expected to be a sellout. Few tickets left as of Thursday night. 🎥 @Jacquiecharles .@MiamiHerald @HeraldSports @fhfhaiti #Haiti #WorldCup pic.twitter.com/uOIjbCH8pd
— Michelle Kaufman (@kaufsports) June 5, 2026
پێکهاتەیەکی جیاواز
هایتی لەم مۆندیالەدا بە تیپێکی جیاواز دەرکەوتووە؛ لە کۆی 26 یاریزان، 16 یاریزانیان لە دەرەوەی هایتی لەدایک بوون و کۆچبەرن، بەڵام بە رەچەڵەک هایتین.
رووبەڕووبوونەوەی گەورەکان
ئێستا هایتی لە کۆمەڵەی سێیەمدا لەگەڵ هەر یەک لە بەرازیلی خاوەن مێژوو، مەغریبی پڕ ئەستێرە و هەڵبژاردەی سکۆتلاندا دەکەوێتە یەک کۆمەڵە. سەرەڕای ئەوەی وەکوو تیمێکی لاواز سەیر دەکرێن، بەڵام هایتی هاتووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە سەرکەوتنیان بۆ مۆندیال رێکەوت نەبووە.



