
یاریگا –
دۆسیەی راهێنەری داهاتووی یانەی هەولێر گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە. ئهمرۆ به ئهگهرێكی زۆر راهێنهری نوێی ههولێر یهكلا دهبێتهوه.
دوای ئەوەی گفتوگۆکانی نێوان باسم قاسم و یانەی زەورا بە بنبەست گەیشتن، ئێستا یانەی هەولێر لەسەر هێڵە و چەند بژاردەیەکی بەهێزی لەبەردەستە، یاریگا لە رێگەی سەرچاوە تایبەتەکانییەوە، وردەکاریی و مەرجە داراییەکان بڵاودەکاتەوە.
بۆچی باسم قاسم و زەورا رێکنەکەوتن؟
بەپێی بەدواداچوونە وردەکانی یاریگا، باسم قاسم داوای 80%ـی بڕی گرێبەستەکەی وەک پێشەکی لە یانەی زەورا کردووە. لە بەرامبەردا، حەیدەر شەنشوولی سهرۆكی یانەی زەورا کە لە ناو کارگێڕیی یانەکە خاوەن بڕیاره ئەم داواکارییەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە:
“ئێمە ناتوانین ئەو بڕە پارە زۆرە وەک پێشەکی بدەین، چونکە هیچ گەرەنتییەک نییە کە تاوهكو کۆتایی وەرز لەگەڵمان دەمێنیتەوە.”
باسم قاسم پێداگگری لەسەر داواکارییەکەی کردووە و رایگەیاندووە بەبێ ئەو پارەیە ناتوانێت گرێبەست واژۆ بکات، بەمەش دانوستانەکان شکستیان هێنا.
هەولێر دێتە سەر هێڵ؛ باسم قاسم دەگەڕێتەوە؟
دوای شکستی گفتوگۆکانی لەگەڵ زەورا، باسم قاسم پەیوەندی بە بەرپرسانی یانەی هەولێرەوە کردووە و پێی راگەیاندوون:
“پێشتریش گوتوومە کە ئەولەویەتی کارەکانم بۆ هەولێرە، ئێستا وەرن با گفتوگۆ بکەین.”
ئەمڕۆ شاندێکی یانەی هەولێر بە سەرۆکایەتی سەفین کانەبی و ئەندامییەتی پشتیوان شەبیب، ئاسۆ ئەمیر و زوبێر جەبار لەگەڵ باسم قاسم کۆدەبنەوە.
مەرجی سەرەکی باسم قاسم بۆ گەڕانەوە بۆ قەڵای زەرد، زیادکردنی 25٪ـی بڕی گرێبەستی وەرزی رابردوویەتی. ئەگەر هەولێر بەم مەرجە رازی بێت، راستەوخۆ دەگەڕێتەوە و ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە دەگرێتە ئەستۆ.
پلانی (B): لوئەی سەڵاح و سوپرایزەکەی
ئەگەر هەولێر و باسم قاسم نەگەنە رێککەوتن، کارگێڕی یانەکە راستەوخۆ لەگەڵ لوئەی سەڵاح دادەنیشن، یاریگا زانیاری ئهوه دهستكهوتووه، لوئەی بە زۆربەی مەرجەکانی یانەی هەولێر رازییە، بەتایبەت کە یانەکە وەرزی داهاتوو بەشداری لە جامی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەکات و ئەمەش بۆ لوئەی دەرفەتێکی زێڕینە.
خاڵە سەرنجڕاکێشەکە لێرەدایە؛ ئەگەر لوئەی سەڵاح ببێتە راهێنەری هەولێر، ئەوا یاریزان مایکۆڵ کە پێشتر لە هەولێر بوو و گرێبەستی لەگەڵ زەورا کردووە، دەگەڕێتەوە هەولێر.
هۆکارەکەش ئهوهیه مەرجێك لە گرێبەستەکەی مایکۆڵدا؛ بەو پێیەی لوئەی ئەو یاریزانەی بردووەتە زەورا، مەرج دانراوە کە ئەگەر لوئەی لە زەورا نەما، دەتوانێت گرێبەستی مایکۆڵ هەڵبوەشێنێتەوە و بیباتە یانە نوێیەکەی.
بڕیاری کۆتایی
چاوەڕوان دەکرێت ئهمرۆ، دوای کۆبوونەوەکەی شاندی هەولێر و باسم قاسم، چارەنووسی کورسیی راهێنەرایەتی یانەی هەولێر بە یەکجاری یەکلایی ببێتەوە؛ یان گەڕانەوەی باسم بە مەرجی نوێوە، یان دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ لەگەڵ لوئەی سەڵاح.

