
یاریگا –
دوای ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا پێشکەشی کرد، کومهیل سەعدی گۆڵپارێزی یانەی هەولێر، بووەتە یەکێک لە گەرمترین ناوەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و چەندین یانەی ناوخۆی و دەرەکی کێبڕکێی بەدەستهێنانی تواناکانی دەکەن.
ئەوروپا؛ ئامانجی یەکەمی کومهیل
بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، کومهیل سەعدی ئێستا سێ ئۆفەری فەرمی لە یانە ئەوروپییەکانەوە پێگەیشتووە.
سەرچاوەكهی یاریگا ئهوهشی ئاشكرا كرد، کە گۆڵپارێزە لاوەکە زۆر نزیکە لە رێککەوتن لەگەڵ یانەی ڤیسلا کڕاکۆڤی پۆڵەندی. کومهیل ئەولەویەتی کارەکانی بۆ یاریکردنە لە کیشوەری ئەوروپا و دەیەوێت لەوێوە پەرە بە تواناکانی بدات.
کێبڕکێی یانە ناوخۆییەکان و مەرجی بۆ دهۆک
لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەریەکە لە یانەکانی (زەورا، شوڕتە، گەرمە و دهۆک) گرێبەستی فەرمییان پێشکەش بەم گۆڵپارێزە کردووە. بەڵام کومهیل بڕیاری کۆتایی خۆی داوە؛ ئەگەر نەگاتە رێککەوتن لەگەڵ یانە ئەوروپییەکان، ئەوا بەبێ دوودڵی واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی یانەی دهۆک دهكات.
کومهیل سەعدی لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی هەولێر ئاستێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو، رۆڵێکی کاریگەری بینی لەوەی یانەکە پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەدەستبهێنێت.
هەرچەندە ناوی لە لیستی سەرەتایی هەڵبژاردەی عێراق بۆ مۆندیال هەبوو بەڵام دواتر دوورخرایەوە، ئەمەش وایکردووە گۆڵپارێزەکە بە پەرۆش بێت بۆ ئەوەی زووتر چارهنووسی خۆی یهكلا بكاتهوه و لە رێگەی یاریکردن لە خولێکی بەهێزەوە، جارێکی دیکە جێگەی خۆی لە ریزەکانی شێرانی رافیدەین بکاتەوە.



