
یاریگا –
لە رووداوێکی شۆکهێنەردا کە هەمووانی گەڕاندەوە بۆ یادەوەرییە ناخۆشەکانی یۆرۆی 2021، کریستیان ئێرکسن، ئەستێرەی هێڵی ناوڕەستی هەڵبژاردەی دانیمارک، دوێنێ یەکشەممە لە کاتی یارییەکی دۆستانە بەرامبەر ئۆکرانیا کتوپڕ لەسەر زەوی کەوت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ناوبژیوان یارییەکە بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە.
خۆشبەختانە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی دانیمارک و پزیشکی تیپەکە رایانگەیاند کە دۆخی ئێرکسن جێگیرە و بەهۆش خۆی هاتووەتەوە.
رووداوەکە لە شاری ئۆدێنسێ و لە کاتی یارییەکی دۆستانەی کۆتایی وەرزدا رەویدا. ئێرکستیان، کە لە ساڵی 2021 تووشی وەستانی دڵ ببەو و ئامێری رێکخەری لێدانی دڵ لەسەر سنگیدا چێنراوە، کتوپڕ کەوتە سەر زەوی. یاریزانانی هەردوو تیپ بە خێرایی ئەڵقەیەکیان لە دەوری دروستکرد تاوەکوو تیمی پزیشکی بگەنە سەری.

مۆرتن بۆیسن، پزیشکی هەڵبژاردەی دانیمارک، لەسەر دۆخی یاریزانەکە رایگەیاند؛
ئامێری رێکخەری لێدانی دڵەکەی رێک وەکوو ئەوەی لێی چاوەڕواندەکرا کاری کردووە و دڵی رێکخستووەتەوە. کریستن تەنیا بۆ ماوەیەکی زۆر کورت بێهۆش بوو، بەڵام زۆر خێرا بەهۆش خۆی هاتەوە و تەنانەت بە پێی خۆی بەرەو ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری رۆیشت.
پەیامێک لە نەخۆشخانەوە بۆ یاریزانان
پزیشکی تیپەکە ئاماژەی بەوەش دا کە ئێرکسن ئێستا لە نەخۆشخانەیە بۆ پشکنینی وردتر تاوەکوو هۆکاری رووداوەکە دیاریبکرێت، بەڵام تەندرووستی باشە و داوای کردووە سڵاوی بگەیەنرێتە سەرجەم یاریزانەکان و پێیان بڵێت کە ئەو تەواو باشە.
پیێر هۆیبێرگ، کاپتنی هەڵبژاردەی دانیمارک، ستایشی ئازایەتی و کاردانەوەی خێرای پزیشکەکان و یاریزانانی کرد و رایگەیاند کە لەم ساتەدا تەنیا دۆخی تەندرووستی کریستیان بۆ ئەوان گرنگە.



