داواکاریی ئاڵۆنسۆ؛ چێڵسی ئارەزووی گواستنەوەی ئەستێرەیەکی کریستاڵ پاڵاس دەکات
پاڵاس هەموو شتێک بۆ هێشتنەوەی دەکات

یاریگا –
ئەستێرەکەی کریستال پاڵاس دەکرێت ببێتە جێگەی سەرنجی جەنگێکی دیکەی گواستنەوە لەم هاوینەدا، لە کاتێکدا چێڵسی پرسیاری سەرەتایی سەبارەت بەو ئەستێرەیە کردووە.
چێڵسی پێش دەرگای گواستنەوەکان پێداچوونەوە بە بژاردەکانی گۆڵپارێزیدا دەکات و دین هێندەرسن وەکوو یەکێک لەو یاریزانانە دەرکەوتووە کە ئەوان دوای وەرزێکی نایاب لەگەڵ کریستاڵ پاڵاس لێی دەکۆڵنەوە. بەگوێرەی رۆژنامەی سەن، چێڵسی هێشتا ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش نەکردووە، بەڵام پرسیارکردنەکەیان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان بە جدی لە ئەگەری واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ هێندەرسن دەڕوانن.
رەنگە چێڵسی رێگەیەکی روونی لەبەردەمدا نەبێت، چونکە تۆتنهامیش چاودێریی دۆخی گۆڵپارێزەکە دەکات. ئەگەر پاڵاس ئامادە بێت بۆ فرۆشتنی، هەردوو یانە لەندەنییەکە دەتوانن کێبڕکێ لەسەر واژۆکەی بکەن. هێندرسن دوو ساڵ لە گرێبەستەکەی ماوە کە دوای پەیوەندیکردنی بە پاڵاس لە مانچێستەر یونایتدەوە لە ئابی 2023 واژۆی کردبوو.

هێندەرسن لەلایەن تۆماس تۆخێل، راهێنەری ئینگلتەراوە هەڵبژێردراوە و بۆ ئێستا سەرنجی لەسەر جامی جیهانیی داهاتووە.
لەو کاتەوەی گەیشتووەتە سێلهۆرست پارک، هێندەرسن خۆی وەکوو بژاردەی یەکەمی گۆڵپارێزی پاڵاس جێگیر کردووە و بووەتە کاپتنی یانەکە. هەروەها رۆڵێکی سەرەکی لە وەرزە مێژووییەکەی پاڵاسدا گێڕا و یارمەتی یانەکەیدا بۆ بردنەوەی کۆنفرانسلیگی لە هەفتەی رابردوودا. ئاستی ئەم گۆڵپارێزە تەمەن 29 ساڵە لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو ناوبانگی ئەوی بەرزکردووەتەوە. لە 11 یاریی پرێمەرلیگدا تۆڕی گۆڵەکەی بە خاوێنی هێشتەوە و یەکێک بوو لە یاریزانە دیارەکانی وەرزە سەرکەوتووەکەی پاڵاس.
پاڵاس لە ئێستاوە رووبەڕووی گرنگیپێدانی یانەکان بۆ چەندین یاریزانی ئاستەبەرزی خۆی دەبێتەوە و لەدەستدانی هێندەرسن دەبێتە گورزێکی گەورەی دیکە. وەکوو کاپتن، بژاردەی یەکەمی گۆڵپارێزی و یەکێک لە سەرکردەکانی تیمەکە، ئەو وەکوو بەشێکی سەرەکی لە داهاتووی یانەکە دەبینرێت. مەگەر ئۆفەرێکی زۆر گەورە بگات، ئەگەرنا ئەگەری زۆرە پاڵاس لەم هاوینەدا هەموو شتێکی گونجاو بۆ هێشتنەوەی بکات.




