ئیسپانیاگرنگترین

سەرکەوتنێکی تاڵ؛ پێرێز لە سەرۆکایەتی ریال مەدرید دەمێنێتەوە بەڵام دەسەڵاتە رەهاکەی لەدەستدەدات

چۆن ریکێلمێ توانی ئیمپراتۆرییەتە بێدەنگەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بلەرزێنێت؟

Yariga App

یاریگا

دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ، جارێکی دیکە یانەی ریال مەدرید کەشوهەوایەکی راستەقینەی هەڵبژاردن بەخۆیەوە دەبینێت، هەرچەندە هەموو پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فلۆرێنتینۆ پێرێز لەسەر کورسیی سەرۆکایەتی یانە شاهانەکە دەمێنێتەوە، بەڵام ئەم سەرکەوتنەی ئەمجارەی تامی جیاواز دەبێت.

رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، پێرێز لە سندووقەکاندا دەیباتەوە، بەڵام بەشێکی گەورە لەو دەسەڵاتە رەهایەی لەدەست دەدات کە لە دوو دەیەی رابردوودا هەیبوو.

جارێکی دیکە دیموکراسی لە دەرگای کۆشکی سپی دا، ئەم دۆخە نوێیەش بۆ سەرۆکە مێژووییەکە هێندە ئاسان نەبوو؛ پێرێز کە راهاتبوو بەبێ ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە و بەبێ هیچ روونکردنەوەیەکی گشتی، یانەکە بەڕێوەببات، ئەمجارە ناچار بوو دابەزێتە نێو گۆڕەپانی ململانێی توندی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، ئەمەش درزگەلێکی لە دەسەڵاتەکەیدا دەرخست کە تاوەکوو ئێستا شاراوەبوون.

دەرکەوتنی ریکێلمێ و لەرینەوەی کورسییەکەی پێرێز

سەیر لەوەدایە، خودی پێرێز بەشداربوو لە دروستکردنی ئەم دۆخەدا. دەرکەوتنی ئێنریکێ ریکێلمێ وەکوو بەربژێرێکی نوێ و بەهێز بۆ سەرۆکایەتی، هاندەران و ئەندامانی ریال مەدریدی ناچار کرد بکەونە نێو گفتوگۆ، بەراوردکاری و تانەدان لەو بڕیارانەی کە بۆ چەندین ساڵ وەکوو هێڵی سوور تەماشا دەکران.

هەرچەندە کاندیدە گەنجەکە لە گەرمەی ململانێکاندا چەندین بەڵێنی گەورەی دا کە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا پووچەڵکرانەوە و متمانەی لای بەشێک لە ئەندامان لاواز بوو، بەڵام هێشتا توانی پێرێز بخاتە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە؛ بە تایبەت لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە مێژووییەدا کە بە یەکێک لە ناڕەحەترین ساتەکانی ژیانی سەرۆکایەتی پێرێز دادەنرێت؛ دەرکەوتنێک کە نەک سەرکردایەتییەکەی بەهێز نەکرد، بەڵکوو تەواوی خاڵە لاوازەکان، دژایەتییەکان و مەلەفە کۆنە تەواونەکراوەکانی لەبەردەم رای گشتیدا دەرخست.

قۆناخێکی نوێ بەبێ دەسەڵاتی رەها

بەگوێرەی راپۆرتەکەی هەمان سەرچاوە، ئەگەرچی بردنەوەی پێرێز مسۆگەرە، بەڵام چیدیکە هیچ شتێک وەکوو پێشوو نامێنێتەوە؛ پێرێز یاسای ئەم هەڵبژاردنەی بە جۆرێک داڕشتبوو تەنیا بۆ ئەوەی بیباتەوە و کەس نەتوانێت دەسەڵاتی لێ وەربگرێت، بەڵام ناچاربوونی بە رکابەریکردن، خۆی لە خۆیدا شکستێکی جیاوازە بۆ ئەو.

لەکۆتاییدا رۆژنامە کاتالوونییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستاوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز زیاتر لەژێر چاودێری و لێپرسینەوەدا دەبێت و ماڵی سپیت مەدرید زیاتر دابەش دەبێت. پرسیارەکان زۆرتر دەبن، کۆنترۆڵ توندتر دەبێت و هەموان داوای روونکردنەوەی لێدەکەن. ئەو دەبێتەوە بە سەرۆک، بەڵام دەبێت بژی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنێکی چاوکراوە کە لە هەموو جووڵەیەکدا چاودێری دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button