لە لووتکەی مۆناکۆوە بۆ دۆزەخی بۆندسلیگا؛ چی بەسەر بن سەغیردا هات؟
ئەستێرە مەغریبییەکە لە ماڵەوە سەیری یارییەکانی مەغریب لە مۆندیال دەکات

یاریگا –
ئێلیسێ بن سەغیر، یەکێک لە گەورەترین گەوهەرەکانی داهاتووی تۆپی پێی مەغریب و ئەوروپا، لە سەرەتا کاروانی وەرزشییدا رووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەتەوە؛ دوای ئەوەی بە فەرمی لە لیستی هەڵبژاردەی مەغریب بۆ جامی جیهانیی 2026 دوورخرایەوە.
محەمەد وەهبی، راهێنەری مەغریب بڕیاریدا بن سەغیری تەمەن 21 ساڵان لە گەشتەکەی مۆندیال بێبەش بکات. ئەم بڕیارەش دوای وەرزێکی تەواو سارد و بێبەرهەم دێت لەگەڵ یانەی بایەر لیڤەرکوزن، کە تێیدا یاریزانەکە نەیتوانی لەو ئاستە بەرزەدا بمێنێتەوە کە هەموان چاوەڕوانیان دەکرد.


گواستنەوەیەکی گرانبەها و پاشەکشەی کتوپڕ
بن سەغیر کە لە ئاکادیمیای مۆناکۆ پێگەیشتووە، هاوینی رابردوو بە گرێبەستێکی گەورە و بە بڕی 32 ملیۆن یۆرۆ رووی کردە لیڤەرکوزن، بەمەش بووە دووەم گرانترین یاریزان لە مێژووی یانە ئەڵمانییەکەدا،بەڵام بەهۆی ناجێگیریی دۆخی تیپەکە و کێشەی خۆگونجاندن، لەم وەرزەدا لە 17 یاریی بێ هیچ گۆڵ و ئەسیستێک دەرکەوت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ترانسفێر مارکت، بەهای یاریزانەکە لە بازاڕدا بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە و دوورکەوتنەوەی لە مۆندیال رەنگە زیاتریش دایبەزێنێت.

عاشقی نێیمار و خەونی یاریکردن بۆ بارسێلۆنا
هێرشبەرە چەپەوانەکە، خێرا و سەرنجڕاکێشە، خاوەنی تەکنیک و بڕینی نایابە، پێشتر چەندین جار ئاشکرای کردبوو کە بەدیار سەیرکردنی یارییەکانی بارسێلۆنا گەورە بووە و شێوازی یاریکردنی نێیماری لا ناوازەیە، هاوکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی سپۆرت، یانە کاتالوونییەکە لە رابردوودا و لە کاتی یاریکردنی لە مۆناکۆ، چاودێرەکانی بۆ چاودێریکردنی ئەستێرە مەغریبییەکە ناردبوو.
بن سەغیر پێشتر لە جامی خوان گامپەر لە وەرزی 2024-2025 گۆڵی لە دژی بلاوگرانا کرد، بەڵام ئێستا دۆخەکەی بە تەواوی گۆڕاوە.



