بێرناردۆ سیلڤا: بارسێلۆنا یەکێکە لە بژاردەکانم
"چەندین بژاردەی دیکەشم لەبەردەمدایە"

یاریگا –
بێرناردۆ سیلڤا، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بە فەرمی دانی بە دانوستانەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا دانا و رایگەیاند کە یانە کاتالوونییەکە یەکێکە لە بژاردە سەرەکییەکانی سەر مێزی گفتوگۆکانی بۆ دیاریکردنی وێستگەی داهاتووی.
ئەم لێدوانە گرنگەی سیلڤا راستەوخۆ دوای سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال هات لە یارییە دۆستانەکەیاندا بەرامبەر هەڵبژاردەی چیللی، کە تێیدا پۆرتوگالییەکان توانییان بە ئەنجامی 2-1 سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
“بارسێلۆنا لەسەر مێزەکەمە، بەڵام بڕیارم نەداوە”
ئەستێرە 31 ساڵانییەکە، دوای کۆتایی هاتنی قۆناخە نۆ وەرزییە زێڕینەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی و پێپ گواردیۆلا بووەتە یاریزانێکی ئازاد، لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگا میدیاییەکان رایگەیاند؛
بارسێلۆنا بژاردەیەکی راستەقینەیە کە لەبەردەممدا هەیە، بەڵام تاوەکوو ئێستا چرکەساتی یەکلاییکردنەوە و بڕیاری کۆتاییم نەهاتووە.
ناوەڕاستکارە پورتوگالییەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە چەندین دەستەوارەی جیاوازی پێگەیشتووە، بەڵام نایەوێت ناوی هیچ یانەیەکی دیکە بهێنێت لەبەر رێزگرتن لەو لایەنانەی کە خوازیاری گرێبەستکردن لەگەڵیدان.

مەرجی سەرەکی سیلڤا بۆ یانە نوێیەکەی
سەبارەت بەوەی چی دەبێتە هۆکاری یەکلاییکەرەوە بۆ هەڵبژاردنی پڕۆژە وەرزشییە نوێیەکەی، سیلڤا بەڕوونی ئاشکرایکرد؛
لەکۆتاییدا بەدوای یانەیەکدا دەگەڕێم کە تێیدا هەست بە خۆشەویستی راستەقینە بکەم؛ شوێنێک کە بسەلمێنن بەڕاستی منیان دەوێت و قەدری تواناکانم دەزانن. ئەمە گرنگترین خاڵە بۆ من و ئەو رۆژەی بڕیاری کۆتایی دەدەم، هەمووان پێی دەزانن.
لەلایەکی دیکەوە، شەوی رابردوو رۆژنامەی ئاس رایگەیاند، سیلڤا یەکێکە لەو یاریزانانەی جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید داوا لە کارگێڕێی یانەی شاهانە دەکات بۆی بگوازنەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە ،مانگێک لەومەبەر یاریزانەکە لەلایەن مێرێنگییەوە رەتکراوەتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی مەدرییەکە، سیلڤا بەهۆی ئەوەی ریال مەدرید هاتووەتەوە کێبڕکێی گواستنەوەی، بڕیاری کۆتایی دواخستووە.



