پێشبینی ئەو پیاوەی تاوەکوو ئێستا هەڵەی نەکردووە؛ پۆرتوگال و هۆڵەندا دەگەنە کۆتایی مۆندیال و ناوی براوەکە ئاشکرا دەکات
بیرکاریزانێکی ئەڵمانی پێشبینی براوەی مۆندیالی 2026 دەکات

یاریگا –
یواکیم کلێمێنت، بیرکاریزان و ئابووریناسی ئەڵمانی، پێشبینی دەکات هەڵبژاردەی هۆڵەندا نازناوی مۆندیالی 2026 بباتەوە.
ئەم پێشبینییە لە کاتێکدا دێت کە کلیمێنت خاوەنی ریکۆردێکی سەرسوڕهێنەرە لە پێشبینیکردنی براوەی مۆندیالەکاندا، توانیویەتی بە دروستی براوەی سێ مۆندیالی رابردوو دیاریبکات؛ ئەڵمانیا لە ساڵی 2014، فەرەنسا لە ساڵی 2018 و ئەرجەنتین لە ساڵی 2022.
کلیمێنت دەڵێت لە سەرەتا ویستوویەتی ئەوە بسەلمێنێت کە پێشبینیکردنی براوە بە کردەیی کارێکی ئەستەمە و بە رۆژنامەی دێر شپیگل ـی هۆڵەندی راگەیاندووە کە یەکەمجار کاتێک مۆدێلەکەی لە ساڵی 2014 بەکارهێنا و راست دەرچوو، تووشی شۆک بووە.
یەکەمجار کاتێک ئەڵمانیا لە وڵاتی بەرازیل مۆندیالی بردەوە، ترسام، لەبەرئەوەی هەموو شارەزایان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە هیچ تیپێکی ئەوروپی هەرگیز نەیتوانیوە لە ئەمریکای باشوور مۆندیال بباتەوە.
ئەم مۆدێلە زانستییەی بیرکاریزانە ئەڵمانییەکە پشت بە چەند فاکتەرێکی سیستەماتیک دەبەستێت، لەوانە ژمارەی دانیشتووان، سامان، کەشوهەوا، ریزبەندییەکانی فیفا، و بەرهەمی ناوخۆیی بۆ هەر تاکێک کە کاریگەریی لەسەر ژێرخانی وەرزشی وڵاتان هەیە، هەروەها بەخت کە خۆی زۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە.

کلیمێنت ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای وردیی مۆدێلەکەی لە رابردوودا، بەڵام پێشبینیکردن بەشێکی زۆری پشت بە بەخت دەبەستێت و ئەوەی ئەو کردوویەتی زیاتر شێوازێکە بۆ پێشاندانی ناواقیعیبوونی پێشبینییەکان. ئەو پێی وایە نزیکەی لە %50ـی ئەنجامی یارییەکان پەیوەندی بە بەختەوە هەیە، وەکوو بڕیاری ناوبژیوان یان ئاستی یاریزانان لەو رۆژەدا کە بەتەواوی پێشبینی ناکرێن.
بەگوێرەی پێشبینییەکەی ناوبراو، هۆڵەندا لە قۆناخی پێش کۆتایی لە ئیسپانیا دەباتەوە و لە یاری کۆتاییشدا بەسەر پۆرتوگال سەردەکەوێت و نازناوەکە بەدەستدەهێنێت، هاوکات پورتوگالیش لە قۆناخی پێش کۆتایی لە ئینگلتەرا دەباتەوە. مۆدێلەکە نەخشەی تەواوی پاڵەوانێتییەکەشی کێشاوە، لەوانە سەرکەوتنی چاوەڕواننەکراوی ژاپۆن بەرامبەر بەڕازیل یان دەرچوونی سکۆتلەندا لەسەر دەستی کۆریای باشوور لە قۆناخەکانی سەرەتا.
پێشتر هۆڵەندا سێ یاریی کۆتایی مۆندیالی کردووە، بەڵام هەرگیز پاڵەوانێتییەکەی نەبردووەتەوە. بۆ مۆندیالی 2026 کە بڕیارە لە 11ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات، تیپەکەی رۆناڵد کۆمان لە 14ـی مانگ یەکەم یاریی خۆی لە پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر ژاپۆن دەکات، دواتریش هەروەها رووبەڕووی سوید و تونس دەبنەوە.



