فەرمی؛ فیفا دەبەی ئاو لە هاندەرانی مۆندیال قەدەخە دەکات
لە بڕیارێکی خۆی پەشیمان دەبێتەوە

یاریگا –
یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ بڕیاری پێشووی خۆی هەڵوەشاندەوە و چیدیکە رێگە بە هاندەران نادات، دەبەی ئاوی دووبارەبەکارهاتوو ببەنە نێو یاریگاکان لە ماوەی یارییەکانی مۆندیالی 2026 لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەنەدا و مەکسیک.
تەنیا سێ هەفتە لەمەوبەر، یاساکانی یاریگای فیفا ئاماژەیان بەوە دەکرد کە هاندەرا دەتوانن دەبەی پلاستیکی بەتاڵ، روون و دووبارەبەکارهاتوو بە قەبارەی تاوەکوو 1 لیتر بهێنن. بەڵام ئێستا ئەم رێکخراوە یاساکانی رەفتاری خۆی نوێ کردووەتەوە و خاوەن بلیتەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە چیدیکە هێنانی دەبەی ئاوی دووبارەبەکارهاتوو لە یاریگاکانی مۆندیالدا رێگەی پێ نادرێت.
جۆرەکانی دیکەی بتڵیش بەهەمان شێوە رێگەپێدراو نین بەهۆی مەترسیی ئەگەری برینداربوون کاتێک فڕێ دەدرێن.
ئەم بڕیارە رەخنەی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت چەندین یاری لە کەشوهەوایەکی گەرم و شێداردا بەڕێوە بچن. هاندەران چیدیکە ناتوانن دەبەکانی خۆیان لە وێستگەکانی ئاو لەنێو یاریگاکاندا پڕ بکەنەوە و لەبری ئەوە پێویستە ئەو خواردنەوانە بکڕن کە لەنێو یاریگاکاندا دەفرۆشرێن.
لە ماوەی مۆندیالی یانەکانی هاوینی رابردوودا، کە تێیدا یاریزانان و هاندەران نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە گەرما دەربڕی، فیفا لەنێو یاریگاکاندا بڕی چوار تاوەکوو شەش دۆلاری بۆ هەر دەبەیەکی ئاو وەردەگرت. هێشتا نەزانراوە ئەمجارە فیفا چەندێک نرخ دادەنێت، بەڵام ئەم رێکخراوە هاوبەشییەکی مێژوویی لەگەڵ کۆمپانیای کۆکا کۆلا هەیە، کە براندی ئاوی “دەسانی” سەر بەم کۆمپانیایە لەنێو یاریگاکانی مۆندیالدا دەفرۆشرێت.
لە راپۆرتێکی 52 لاپەڕەییدا کە لە مانگی ئایاردا لە لایەن زانایانی رێکخراوی “تایبەتمەندیی کەشوهەوای جیهان – World Weather Attribution” بڵاوکراوەتەوە، هاتووە کە نزیکەی 26 یاری لە کۆی 104 یاریی مۆندیال پێدەچێت لە کاتێکدا بەڕێوە بچن کە پێوانەی گشتیی فشاری گەرمی ژینگەیی لەسەر جەستەی مرۆڤ WBGT لە شاری میوانداردا لە 26 پلەی سیلیزی تێپەڕبکات. هاوکات پێنج یاری لەم پاڵەوانییەتییە شەش هەفتەیییەدا لە دۆخێکدا دەکرێن کە WBGT لە 28 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنێت.
پێناسەی WBGT: ئەم پێوەرە تێکەڵەیەکە لە پلەی گەرمی، شێ، با و رووناکی خۆر بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی فشاری گەرما، کە لە لایەن سوپا، زانایانی وەرزشی و پسپۆڕانی سەلامەتییەوە بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە گەرما بەکاردێت.

نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەلامەتی
وتەبێژی کۆمەڵەی لایەنگرانی تۆپی پێ FSA بە تۆڕی ئاتلێتیکی راگەیاندووە کە:
جارێکی دیکە لەم مۆندیالەدا، هاندەران لە کۆتایی کارەکانن نەوەکوو لە پێشینەدا. گەرما و شێ نیگەرانییەکی راستەقینەیە بۆ سەلامەتی هاندەران، دەبێت سەرنجی سەرەکیی فیفا لەسەر ئەمە بێت نەوەکوو توانای فرۆشتنی دەبەی ئاوی زیاتر بە نرخێکی بەرزکراوە.
دکتۆر تیۆدۆر کیپینگ، زانا لە رێکخراوی World Weather Attribution لە کۆلێژی ئیمپێریالی لەندەن، راگەیاند:
رێگەدان بە دەستڕاگەیشتنی دادپەروەرانە بە ئاو، یەکەم هێڵی بەرگریی بنەڕەتییە دژی مەترسییەکانی گەرمای توند کە گۆڕانی کەشوهەوا بۆ ئەم مۆندیالەی دەهێنێت.
هەندێک لە شارە میواندارەکان لەم بڕیارە ئاگادارکراونەتەوە و نیگەرانن. چەندین شار بڕە پارەیەکی زۆریان خەرج کردووە و پلانی زۆر وردیان بۆ پاڵپشتی هاندەرانی مۆندیال لە گەرمای هاویندا لە دەرەوەی یاریگاکان و لە سەرانسەری شارەکانیاندا داناوە، بەڵام ئەوە فیفایە کە یاساکانی ناوەوەی یاریگاکان دیاری دەکات.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، ئەو یاریگایانەی لە شارەکانی کانساس سیتی، بۆستن، مەیامی، فیلادێلفیا، سان فرانسیسکۆ و نیویۆرک/نیوجێرسی نزیکن، مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ یاریزانان و هاندەران بەهۆی ئەوەی بنمیچیان نییە
بۆ یارمەتیدانی یاریزانان، فیفا هەندێک گۆڕانکاریی کردووە، لەوانەش دیاریکردنی پشووی ناچاریی خواردنەوەی ئاو بۆ ماوەی سێ خولەک لە هەر گێمێکدا و هاوکات رێکخەرانی پاڵەوانییەتییەکە هەوڵیانداوە “کورسیی کۆنترۆڵکراوی کەشوهەوا” بۆ راهێنەران و یاریزانانی یەدەگ لە سەرجەم یارییە دەرەکییەکاندا دابین بکەن.

پاشەکشەکەی فیفا و گۆڕانی بەردەوامی یاساکان
پێدەچێت هەڵوێستی فیفا سەبارەت بە دەبەی دووبارەبەکارهاتوو چەندین جار گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت.
لە 13ـی ئایاردا فیفا لە بەیاننامەیەکدا بۆ تۆڕی ئاتلێتیک راگەیاند:
فیفا پابەندە بە پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی یاریزانان، ناوبژیوانان، هاندەران، خۆبەشەکان و ستاف. رێگە بە هاندەران دەدرێت یەک دەبەی ئاوی مۆرکراوی کارگە بهێنن، بەڵام تەنیا کاتێک کە پێشبینییەکانی کەشوهەوا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی بکەن.
بەڵام ئێستا، ئیمەیڵی فیفا بۆ خاوەن بلیتەکان ئاماژە بە بەندی 3.1.11ـی یاساکانی رەفتاری یاریگا دەکات، کە تێیدا هیچ ئاماژەیەک بە رێگەدان بە هێنانی دەبەی ئاوی مۆرکراو نەکراوە، تەنانەت لە کاتی بەرزیی پلەی گەرمیشدا.
ئەم یاسایە تەنیا بەدەرکردنی بۆ “شیری کۆرپە و ئاوی پاکژکراو لەنێو دەفر”، یان ئەو شلانە هەیە کە هاندەرێک بۆ هۆکاری پزیشکی پێویستیەتی، بە مەرجێک بڕوانامە پزیشکییەکەیان بە زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی یان ئیسپانی بێت.

پاساوەکانی فیفا بۆ قەدەغەکردنەکە
لە بەیاننامەیەکدا کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بۆ تۆڕی ئاتلێتیک نێردراوە، فیفا راگەیاندووە کە بڕیاری داوە “هێنانی دەبە قەدەخە بکات بۆ رێگریکردن لە مەترسی و برینداربوونی یاریزانان و ئامادەبووان”. بەڵام روونی نەکردەوە بۆچی ئەم یاسایە سێ هەفتە لەمەوبەر جیاواز بوو یان چی لەم ماوەیەدا گۆڕاوە.
فیفا لە درێژەی بەیاننامەکەدا دەڵێت:
هێنانی دەبەی دەرەوە لە ئێستاوە لە هەندێک لەو یاریگایانەدا بەهۆی رەچاوکردنی ئەمنی قەدەخەیە و فیفا ئەم رێکارە بەسەر تەواوی یاریگاکانی پاڵەوانییەتییەکەدا جێبەجێ دەکات. فیفا لە نزیکەوە لەگەڵ لیژنەی هەر شارێکی میواندار و دەسەڵاتە نێوخۆییەکان کار دەکات لەسەر هۆکارەکانی کەمکردنەوەی گەرما بۆ ئەو هاندەرانەی گەشت بۆ یاریگاکە دەکەن، کە دەکرێت سەرچاوەکانی وەکوو وێستگەکانی پرژاندنی ئاو، پانکەکان، وێستگەکانی ئاو، چادرەکانی فێنککەرەوە و چەندین شتی دیکە لە دەوروبەری یاریگاکەدا بگرێتەوە. لە ناوەوەی یاریگاکاندا، نرخی دەبەی ئاو بۆ مۆندیالی 2026 هاوشێوەی چالاکییەکانی دیکە دەبێت کە لە هەر یاریگایەکدا بەڕێوەدەچن.
ئەگەرچی فیفا دەڵێت ئەم یاسایە هاوتایە لەگەڵ دۆخی هەندێک لە یاریگاکان، بەڵام ئەمە لەگەڵ شێوازی مامەڵەکردنی لە مۆندیالی یانەکانی هاوینی رابردوودا ناگونجێت، کە تێیدا رێگە بە هاندەران درابوو دەبەی پلاستیکی بەتاڵ ببەنە نێو زۆربەی ئەو یاریگایانەی کە لە مۆندیالیشدا بەکاردێن.



