عێراقکوردستانگرنگترین

یاریزانانی زاخۆ بە لێشاو ریزی یانەکە جێدەهێڵن؛ یاریگا ناوەکانیان ئاشکرا دەکات

نۆ یاریزان یانه‌كه‌ جێده‌هێڵن

Yariga App

یاریگا –

یانەی زاخۆ دوای کۆتاییهاتنی وەرزێکی پڕ لە رکابەری لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئێستا رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی جێهێشتنی یاریزانان بووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی وەرزشیی یاریگا کەوتووە، ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی یانەکە بڕیاریانداوە ریزەکانی یانەی زاخۆ جێبهێڵن.

لیستی ئەو یاریزانانەی دەڕۆن

هەریەکە لە یاریزانان (عەلی کازم، ئەمجد عەتوان، محەمەد سۆڵی، یوسف رائید، هادی ساڵح، محەمەد عەلی عەبوود، جۆزێف ماوریسۆ، کیکی گابی و شەبەر عەلی) بڕیاری کۆتایی خۆیان داوە بۆ جێهێشتنی یانەکە.

سەرچاوەكه‌ ئه‌وه‌شی به‌ یاریگا گوت، بەشێکی زۆر لەم یاریزانانە لەلایەن یانە گەورەکانی بەغداوە گرێبەستی گرانبەهایان پێشکەش کراوە و لە پەیوەندیکردن بەو یانانە نزیکن.

کێشەی کارگێڕی و هەوڵەکانی سەرۆک

لەلایەکی ترەوە، یاریگا زانیاری دەستکەوتووە کە نێچیرڤان لەزگین، سەرۆکی نوێی یانەی زاخۆ، لە هەوڵێکی بێوچاندایە بۆ ئەوەی بە زووترین کات گرێبەستی ئەو یاریزانانە نوێ بکاتەوە کە وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کردووە، بەڵام کارەکان وەک پێویست بەڕێوە ناچن.

هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێک لە ئەندامانی دەستەی نوێی کارگێڕی کە بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی نوێ دەستبەکاربن، هێشتا رەزامەندی کۆتاییان نەداوە بۆ دەستپێکردنی کارەکانیان، ئەمەش جۆرێک لە سستی و دوودڵی لە پرۆسەی گرێبەستەکاندا دروست کردووە.

ده‌ستنیشانكردنی راهێنه‌ری نوێ

یانه‌ی زاخۆ ده‌یه‌وێت یه‌كه‌م كاری بۆ وه‌رزی نوێ ده‌ستنیانكردنی راهێنه‌ر بێت و له‌گه‌ڵ چه‌ند راهێنه‌رێك له‌ گفتوگۆیه‌ و له‌ دوایین زانیارییه‌كانیش كه‌ ده‌ست تۆڕی وه‌رزشی یاریگا كه‌وتووه‌ یانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ یەحیا گوڵ محەمەدی ده‌چێته‌ گێبركێی یانه‌ی دهۆك هه‌رچه‌نده‌ راهێنه‌ره‌ ئێرانیه‌كه‌ له‌ دهۆك نزیكتره‌.

زاخۆ لە وەرزی رابردوودا

یانەی زاخۆ وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بە پلەی نۆیەم کۆتایی پێهێنا، دوای ئەوەی توانی لە کۆی یارییەکانیدا 53 خاڵ کۆبکاتەوە.

هانده‌رانی یانەکە چاوەڕوان بوون بۆ وەرزی داهاتوو یانەکەیان بەهێزتر بێت، بەڵام ئەم کۆچە بەکۆمەڵەی یاریزانان نیگەرانییەکی زۆری لای هاندەرانی کوڕانی خابوور دروست کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button