ئەفریقاگرنگترینمۆندیالی 2026

سوود لە فیفا وەردەگرێت؛ پلانەکەی مەغریب بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جیهان

ستراتیژییەکی ناوازە

Yariga App

یاریگا –

تیمی نیشتمانیی مەغریب رووبەڕووی مۆندیالێکی یەکجار گرنگ دەبێتەوە.

شێرەکانی ئەتڵەس پێویستە بیسەلمێنن کە بە راستیی هێزێکی جیهانیی تۆپی پێن و تەواوی ئەو کارانەی لە دوای درەوشانەوەیان لە قەتەر 2022 کراون، بەفیڕۆ نەچوون. لەو کاتەوە، ئەم تیمە ئەفریقییە سەرنجی خستووەتە سەر بێخەوشکردنی پێکهاتەی وەرزشیی خۆی، بە جۆرێک کە گەیشتووەتە سەرکەوتنێکی بێپێشینە لەسەر ئاستی لاوان و لە هەمان کاتدا دەرفەتی خۆی لەگەڵ تیمی یەکەمی نیشتمانییدا بەرزکردووەتەوە لە رێگەی سوودوەرگرتنی تەواو لە یاساکانی فیفا.

لەم سەردەمەدا، تەنیا ئەوە بەس نییە کە لەنێو یاریگا باشترین بیت، بەڵکوو دەبێت لە ژووری کارگێڕیشدا باشترین بیت. مەغریبیش ئەرکەکانی خۆی بە شێوازێکی ناوازە بۆ ماوەی کورتخایەن و درێژخایەن جێبەجێ کردووە. ئەو 26 یاریزانەی کە محەمەد وەهبیی راهێنەر لەگەڵ خۆی دەیانبات بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک، رەنگدانەوەی ئەو کارە مەزنەیە کە لە پشت دەستنیشانکردنی ئەم پێکهاتەیەوە هەیە.
مەدرید، تێراسا، ڤیک، مۆنپێلیێ، تۆلۆز، ئەمستردام، سترۆمبێک-بێڤەر و مۆنتریال؛ ئەمانە هەندێک لەو شوێنانەن ئەو ئەستێرانەی تێدا لەدایکبوون، کە نوێنەرایەتیی مەغریب لە مۆندیالی 2026 دەکەن. زۆربەیان منداڵ یان نەوەی کۆچبەرانی مەغریبین و دەیانتوانی نوێنەرایەتیی وڵاتانی وەکوو ئیسپانیا، فەڕەنسا، هۆڵەندا، بەلجیکا یان کەنەدا بکەن. چەندین کەیسی لەم شێوەیە هەن و لە داهاتووشدا زیاتر دەبن. تەنیا لەم مۆندیالەدا، 19 یاریزان لە کۆی 26 یاریزان خاوەنی ئەم پڕۆفایلەن.

فیفا چی دەڵێت؟

پێش هەموو شتێک، گرنگە لە یاساکان بگەین. بۆ یاریکردن لە پێناو مەغریبدا، تەنیا بەس نییە یاریزانەکە پاسپۆرتی مەغریبی بەدەستبهێنێت. یاساکانی فیفا داوا دەکەن کە یاریزانەکە رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی هەبێت و هەروەها پەوەندییەکی وەرزشی و یاسایی پێویستی بەو فیدراسیۆنەوە هەبێت. ئەو پەوەندییە دەکرێت لە رێگەی لەدایکبوون بێت لە مەغریب، یان هەبوونی دایک و باوک یان باپیر و داپیرێک کە لەوێ لەدایکبووبن، یاخود بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەو وڵاتەدا  ژیابن.

ئەگەر یاریزانێک پێشتر نوێنەرایەتیی تیمێکی نیشتمانیی دیکەی کردبێت، دەتوانێت داوای گۆڕینی فیدراسیۆن بکات، بەڵام تەنیا لەژێر مەرجی تایبەتدا، بە تایبەتی ئەگەر یاریی فەرمی بۆ تیمی یەکەمی نیشتمانیی وڵاتێکی دیکە نەکردبێت کە بە تەواوی پێوەی ببەستێتەوە. چاکسازییە مۆدێرنەکانی ئەم یاسایانە بە مەبەستی پێشکەشکردنی بەرچاوڕوونیی یاسایی زیاتر بوو بۆ ئەو یاریزانانەی دوو رەگەزنامەیان هەیە، لە کاتێکدا رێگری لە گۆڕینی تیمی نیشتمانی دەکات، کە تەنیا بۆ قۆستنەوەی دەرفەت بێت بەبێ هەبوونی پێوەندییەکی راستەقینە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.

گۆڵپارێزەکان

بەشی گۆڵپارێزیی مەغریب بە تەواوی چەمکی دوو ناسنامەیی روون دەکاتەوە. یاسین بۆنۆ، کە بە بۆنۆ دەناسرێت، لە مۆنتریال لە کیوبیک لەدایکبووە، ئەمەش وای کردبوو مافی نوێنەرایەتیکردنی کەنەدای هەبێت. بەڵام ئەو لە رووی تۆپی پێوە لە مەغریب پێگەیشت دوای ئەوەی لە منداڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی گەڕایەوە ئەوێ و هەرگیز دوودڵ نەبوو لە هەڵبژاردنی مەغریب، کە تێیدا بووەتە یەکێک لە باشترین گۆڵپارێزەکانی ئەفریقا لە دەیەی رابردوودا.

یاسین بۆنۆ، گۆڵپارێزی مەغریب

جێگرەوەکەی ئەو، مونیر محەمەدی، لە مێلییا لەدایکبووە. پەیوەندییەکەی ئەو تاوەکوو رادەیەکی زۆر ئیسپانییە، چونکە بۆ یانەکانی وەکوو سێوتا، مییا، نومانسیا و مالاگا یاریی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، مەغریبی بۆ کاروانی نێودەوڵەتیی خۆی هەڵبژارد.

لە حەکیمییەوە تاوەکوو براهیم

پێوەندیی نێوان ئیسپانیا و مەغریب رەنگە دیارترینیان بێت. ئەشرەف حەکیمی، کە لە مەدرید لەدایکبووە، بووە هێمای نەوەیەک کە لە ئیسپانیا گەورە بوون بەڵام لە کۆتاییدا مەغریبیان هەڵبژارد. کەیسەکەی ئەو پێشبینیی ئەو مشتومڕانەی دواتری کرد کە یاریزانانی وەکوو براهیم دیاز و لامین یامالی گرتەوە، یاریزانانێک کە لە ئیسپانیا لەدایکبوون و گەشەیان کردووە بەڵام رەگ و ریشەیەکی خێزانیی بەهێزی مەغریبییان هەیە.

ئەشڕەف حەکیمی، بەرگریکاری مەغریب

براهیم کە لە دۆس هێرماناس لە سێڤییا لەدایکبووە و پێش چوونەنێو ئەکادیمیای مانچێستەر سیتی لە مالاگا پێگەیشتووە، دەرفەتی راستەقینەی هەبوو بۆ یاریکردن لەپێناو ئیسپانیا، بەڵام لە ساڵی 2024 مەغریبی هەڵبژارد. بڕیارەکەی ئەو وەکوو سەرکەوتنێکی وەرزشی و سیاسی بۆ فیدراسیۆنی مەغریب بینرا، چونکە توانیان یاریزانێک بەدەستبهێنن کە لە لووتکەی تەمەنی وەرزشیی خۆیدایە، نەوەکوو یاریزانێکی دوورخراوە.

براهیم دیاز، یاریزانی مەغریب

لە لایەکی دیکەوە، لامین یامال ئیسپانیای هەڵبژارد، کە لەگەڵیاندا نازناوی یۆرۆی بەدەستهێناوە و رۆڵێکی سەرەکیشی گێڕاوە.

چەندین نموونەی دیکەش هەن؛ شادی ریاز لە پاڵما دێ مایۆرکا لەدایکبووە. ئیسماعیل سایبەری لە تێراسا لەدایکبووە، لە بەلجیکا گەورە بووە و لە هۆڵەندا گەشەی کردووە. ئەیوب ئەمەیموونی-ئیشغویاب لە ڤیک لەدایکبووە بەڵام لە رووی تۆپی پێوە لە ئەڵمانیا پێگەیشتووە. ئەگەرچی بۆ ئەم مۆندیالە بانگهێشت نەکراوە، بەڵام شایەنی باسە کە ئیلیاس ئاخۆماش کە لە هۆستالێتس دێ پیێرۆلا لەدایکبووە و بە تەواوی لە ئیسپانیا پێگەیشتووە، شایستەی ئەوەیە ناوی بهێنرێت.

بەهرەمەندی فەڕەنسی

فەڕەنسا کانگایەکی دیکەی زێڕە بۆ مەغریب. بەهۆی بوونی کۆمەڵگەیەکی گەورەی مەغریبی و سیستمی کێبڕکێی بەهێزی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، زۆرێک لە یاریزانە فەڕەنسی-مەغریبییەکان بە کلێرفۆنتیندا تێپەڕ دەبن یان لە تەمەنێکی گەنجیدا لە خولی فەڕەنسی دەردەکەون.

یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکان بریتییە لە ئەیوب بوعدی، کە لە سێنلیس لەدایکبووە و لە فەڕەنسا پێگەیشتووە. لە تەمەنی تەنیا 18 ساڵیدا، ئەم ناوەڕاستکارەی لیل وەکوو یەکێک لە گەشاوەترین بەهرەمەندە گەنجەکانی ئەوروپا دادەنرێت. دوای نوێنەرایەتیکردنی فەڕەنسا لە سەرجەم ئاستەکانی لاواندا، لەم مۆندیالەدا بۆ مەغریب یاری دەکات دوای تەنیا یەک بەشداریی لەگەڵ تیمی یەکەمی شێرەکانی ئەتڵەس.

ئەیوب بوعدی، ناوەڕاستکاری مەغریب

یاریزانانی دیکەی ناو ئەم پۆلە بریتین لە نایل عەینەوی، رەدوان هالهال، سەمیر مرابت و گێسیمێ یاسین، کە بە پێی ریزبەندی لە نانسی، مۆنپێلیێ، ستراسبۆرگ و سالۆن-دی-پڕۆڤانس لەدایکبوون. ئەمانە یاریزانانێکی خاوەن داهاتوویەکی گەشن کە مەغریب توانیویەتی لە سەرەتاوە پێگەیان مسۆگەر بکات.

سەمیر مرابت، ناوەڕاستکاری مەغریب

دۆخی عیسا دیۆپ بە تایبەتی سەرنجڕاکێشە. ئەو لە تۆلۆز لەدایکبووە و یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی لاوانی فەڕەنسا بووە، هەروەها مافی یاریکردنی بۆ سێنیگالیش هەبوو، بۆ ماوەیەکی درێژ وا دیار بوو کە زیاتر نوێنەرایەتی فەڕەنسا یان سێنیگال دەکات. بەڵام سەرەڕای ئەوەی تەمەنی 29 ساڵ بوو، هەرگیز یاریی بۆ تیمی یەکەمی نیشتمانیی نەکردبوو و مەغریب توانی قایلی بکات بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگریی خۆی لەم مۆندیالەدا.

هۆڵەندا و بەلجیکا

هۆڵەندا ناوچەیەکی گرنگی دیکەیە. نوسەیر مەزراوی، کە لە لێیدێردۆڕپ لەدایکبووە و سوفیان ئەمرابت لە هویزن، دوو نموونەی بنەڕەتیی ئەو یاریزانانەن کە لە سیستمی هۆڵەندییدا پەروەردە بوون و بوونە کۆڵەکەی تیمی نیشتمانیی مەغریب. هەروەها ئەنەس سەڵاحەدینیش هەیە، کە لە ئەمستردام لەدایکبووە و یاریزانی پێشووی لاوانی هۆڵەندا بووە.

سوفیان ئەمرابت، ناوەڕاستکاری مەغریب

ستراتیژیی مەغریب لە هۆڵەندا لە ئەستێرە ناسراوەکانیش تێپەڕ دەکات. فیدراسیۆنەکە سەرنجی خستووەتە سەر بەهرەمەندە گەنجەکانیش وەکوو بنیامین خەزری، ئەیوب ئورغی، وەلید ئەغوجیل و سامی بوهودان، کە هەموویان پەیوەستن بە یانە پێگەیەنەرەکانی هۆڵەندا وەکوو ئایندهۆڤن، فاینۆرد و ئوترێخت. رەنگە هەموویان نەگەنە تیمی یەکەم، بەڵام پەیامەکە روونە: مەغریب دەیەوێت پێش هۆڵەندا پێگەیان مسۆگەر بکات.

بەلجیکاش نموونەی هاوشێوە پێشکەش دەکات. بیلال خەنووس، کە لە سترۆمبێک-بێڤەر لەدایکبووە، چاوەڕوان دەکرێت ببێتە یەکێک لە یاریزانە گرنگەکانی مەغریب لە مۆندیالدا. ئەو نوێنەرایەتیی بەلجیکای کردبوو لە ئاستەکانی خوار 15، 16، 17 و 19 ساڵیدا پێش ئەوەی مەغریب هەڵبژێرێت. بەلجیکا گەشەی پێدا، بەڵام مەغریب لە قۆناخێکی یەکلاکەرەوەدا دڵی ئەویشی بردەوە.

بیلال خەنووس، ناوەڕاستکاری مەغریب

زەکەریا ئۆهادی، لەدایکبووی هۆبۆکن و شەمسەدین تاڵبی، لەدایکبووی سامبرێڤیل، ئەوانیش بەشێکن لەم شەپۆلە بەلجیکی-مەغریبییە. بۆ داهاتووش، مەغریب پێگەی رەیان بوندیا لە ڤیلڤۆرد و سەیفەدین لازار لە سینت-ترویدنی مسۆگەر کردووە.

ستراتیژییەک کە بەردەوامە

پلانی مەغریب لێرەدا ناوەستێت. تیاگۆ پیتارچ، بەهرەمەندی ئەکادیمیای ریال مەدرید و یەکێک لە گەشاوەترین بەهرەمەندەکانی “لا فابڕیکا”، هێشتا مافی نوێنەرایەتیکردنی مەغریبی هەیە ئەگەر یەکەم یاریی فەرمی خۆی بۆ تیمی یەکەمی ئیسپانیا ئەنجام نەدات. بەڵام بۆ ئێستا، خەونی ئەو هێشتا یاریکردنە بۆ ئیسپانیا.

هەرچییەک رووبدات، ستراتیژیی مەغریب روونە. فیدراسیۆنەکە بەنیازە بەردەوام بێت لە راکێشانی یاریزانە بەهرەمەندەکان کە پێوەندیی بەهێزیان بەم وڵاتەوە هەیە و توانای نوێنەرایەتیکردنی مەغریبیان لەسەر گەورەترین شانۆکانی تۆپی پێدا هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button