گابریێل ماگالاش؛ پیاوی تۆپە جێگیرەکان و گەورەترین هەڕەشەی ئارسیناڵ لەسەر پاریس
چەکە 19 گۆڵییەکەی گەنەرز ئەمشەو ئێنریکێ دەخاتە ژێر تاقیکردنەوە

یاریگا –
کاتژمێرەکان بەرەو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە نێوان ئارسیناڵ و پاریس سان جێرمان کەم دەکەنەوە؛ جێگرەوە و چەکەکانی هەردوو راهێنەر دەخرێنە ژێر زوومەوە.
رۆژنامەی لیکیپ ـی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لە گەورەترین هێزەکانی گەنەرز کە لویس ئێنریکێ دەبێت بەوردی کاری لەسەر بکات، لێهاتوویی یانە لەندەنییەکەیە لە تۆپە وەستاوەکان، بەتایبەتی لە ڕێگەی بەرگریکاری بەڕازیلی، گابریێل ماگالاش.
کۆڵەکەی سەرکەوتنەکانی ئارتێتا
گابریێل، دڵە بەرگرییەکەی ئارسیناڵ، بووەتە کارتی براوەی تیپەکە و سەرەکیترین سەرچاوەی مەترسی لە کاتی لێدانی کۆڕنەر و فاوڵە ناڕاستەوخۆکاندا. لە خولی ئینگلیزی، ئەم چەکە لەندەنییە مۆتەکەی راستەقینەی بەرگریکارانی پرێمەرلیگ بووە؛ ئارسیناڵ لەم وەرزەی خولدا 19 گۆڵی لە رێگەی لێدانی کۆڕنەرەوە کردووە، لەگەڵ 4 گۆڵ لە رێگەی فاوڵە ناڕاستەوخۆکانەوە.

ئامارەکان لە ئەوروپا کەمێک جیاوازن، بەڵام مەترسییەکە هەر ماوە
هەرچەندە ئامارەکانی ئارسیناڵ لە چامپیۆنزلیگ لەم رووەوە کەمێک کەمتر کاریگەر بوون بەراورد بە پرێمەرلیگ، بەڵام هێشتا وەکوو هەڕەشەیەکی بێدەنگ و کوشندە لە ناوچەی سزای رکابەرەکاندا دەمێننەوە. بازبازێن و لێدانە سەرە بەهێزەکانی گابریێل دەتوانن لە تەنیا چرکەیەکدا هاوسەنگی یارییەکە بەلای ئارسیناڵدا بشکێننەوە، ئەگەر هێڵی بەرگری پاریس و گۆڵپارێزەکەیان لەوپەڕی ئامادەباشیدا نەبن.
لویس ئێنریکێ، کە پێشتر ئاماژەی بە پتەوی هێڵی بەرگری خۆی کردبوو، ئەمشەو تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەی لەبەردەمە بۆ راگرتنی ئەم تیرۆرە جەستەییەی کە یاریزانانی ئارتێتا لە ناوچەی سزادا دروستی دەکەن.



