ئه‌وروپاچامپیۆنزلیگگرنگترین

ئارتێتا چاوی لە دووەم نازناوە؛ پاش پرێمەرلیگ ئامانجەکەمان گەورەترە بۆ چامپیۆنزلیگ

ئارسیناڵ بەدوای مێژوویەکی نوێدا دەگەڕێت؛ ئارتێتا و ساکا ماندووبوون وەکوو بیانوو رەتدەکەنەوە

Yariga App

یاریگا –

میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ، ئەو دەنگۆیانەی بەتوندی رەتکردەوە کە گوایە دوای بەدەستهێنانی یەکەمین نازناوی پرێمەرلیگ لە ماوەی 22 ساڵی رابردوودا، پەستانەکان لەسەر تیپەکەی نەماون.

پێش یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کە رۆژی شەممە لە شاری بوداپێست بەرامبەر پاریس سان جێرمان بەڕێوەدەچێت، ئارتێتا جەختی لەوە کردەوە کە یاریزانەکانی تینووی نازناوی زیاترن.

پاریس سان جێرمان، کە وەرزی رابردوو لە قۆناخی پێش کۆتاییدا ئارسیناڵی دەرکرد و دواتر بۆ یەکەمجار بووە پاڵەوانی ئەوروپا، لەم وەرزەش هەریەک لە چێڵسی، لیڤەرپوول و بایرن میونشنی تێپەڕاندووە و بەربژێرێکی بەهێزە بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی.

رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، پێدەچێت یوریەن تیمبەر، بەرگریکاری هۆڵەندی، بە شێوەی سەرەکی یاریی بکات، دوای ئەوەی ئارتێتا پشتڕاستی کردەوە کە بەتەواوی لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە، کە بەهۆیەوە لە 14ـی ئازارەوە دوورکەوتبووەوە.

لێدوانە ئاگرینەکانی ئارتێتا؛

ئارسیناڵ تاوەکوو ئێستا نەبووەتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و پێشتر تەنیا یەکجار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی [ساڵی 2006 کاتێک بە بارسێلۆنا دۆڕا]. ئارتێتا سوورە لەسەر ئەوەی ئەمجارە هەلەکە بقۆزنەوە؛

ئامانج و خواستمان گەورەترە. ئێمە نازناوێکمان هەیە و ئێستا دووەممان دەوێت، ئەمە تاکە شتە کە قسەی لەسەر دەکەین.

دەبێت پلاتفۆرمێک هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەترەکان. تیمەکەمان توانای هەیە و لەم دوو وەرزەی دواییدا سەلماندوومانە. دەمەوێت یاریزانەکانم متمانەی تەواویان هەبێت کە دەیبەینەوە.

سەبارەت بە بینینی ورەی یاریزانەکانیشی، ئارتێتا گوتی؛

ئەوان زیاتریان دەوێت. تێپەڕبوون بەو ساتانەی رابردوودا جۆرێکی دیکە لە ئارەزووت پێدەبەخشێت. کاتێک جامێک بەرزدەکەیتەوە، دەزانیت هەستەکە چۆنە و دەتەوێت زۆرترین جار ئەو هەستە دووبارە بکەیتەوە. دەرفەتمان هەیە بەشێکی نوێ لە مێژووی ئەم یانەیە بنووسینەوە. بۆ ئەمەش دەبێت بە روونییەکی زۆر، بوێرییەکی گەورە و ئارەزوویەکی بێوچانەوە بۆ بردنەوە یاری بکەین.

 پەیامەکەی هێنری بۆ بوکایۆ ساکا

بوکایۆ ساکا، کە تاکە گۆڵی ئارسیناڵی لە شکستی وەرزی رابردووی بەرامبەر پاریس سان جێرمان [بە ئەنجامی گشتی 3-1] کردبوو، ئاشکرای کرد کە تیێری هێنری ئەم هەفتەیە پەیوەندی پێوە کردووە بۆ ئەوەی ورەی پێبدات.

هەموومان دەزانین کاروانەکەم چۆن دەستیپێکرد کاتێک منداڵێکی 7 بۆ 8 ساڵان بووم لە ئەکادیمیای هەیڵ ئێند. ئەوە رێگایەکی زۆر دوور بوو بۆ هەوڵدان بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ ئارسیناڵ. وا هەست دەکەم ئەم هەفتەیەی دوایی هەمووی بووەتە راستی و ئەمڕۆ هەلێکی سەرنجڕاکێشی دیکەیە بۆ نووسینەوەی مێژوو.

ماندووبوون هیچ بیانوویەک نییە

یارییەکەی شەممە دەبێتە 63ـەمین یاریی ئارسیناڵ لەم وەرزەدا، کە زیاترە لە هەر یانەیەکی دیکەی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا لە کاتێکدا پاریس 56 یاریی کردووە، بەڵام ساکا رەتیکردەوە ماندووبوون کاریگەری هەبێت.

یەک هەفتەمان بۆ پشوودان و گەڕانەوە ئاستی خۆمان هەبوو، ئێستا ئامادەین دووبارە دەستپێبکەینەوە. یارییەکی لەم شێوەیە بە خولەکەکان یەکلایی نابێتەوە، بەڵکوو بەو ساتانە یەکلایی دەبێتەوە کە کام تیم دەتوانێت کوالێتی بەرزتر پێشکەش بکات و باشتر رێکخراو بێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button