
یاریگا –
فلۆرێنتینۆ پێرێز بانەرێکی زەبەلاح لە تەنیشت بێرنابیۆ هەڵدەواسێت و 7 چامپیۆنزلیگەکەی خۆی بیر مەدریدییەکان دەخاتەوە.
ئەم شەممەیە، بانەرێکی زەبەلاح لەسەر باڵەخانەیەکی نزیک یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەرکەوت، کە وێنەی سەرۆکی ئێستای یانەی ریال مەدرید لەگەڵ دروشمی هەڵمەتەکەی لەخۆ گرتبوو و لەسەری نووسراوە: “مێژوویەکی زۆر بۆ دروستکردن ماوە”
ئەو بانەرە هاوکات ناوی ئەو 7 شارە نیشان دەدات کە ریال مەدرید لە ماوەی سەرۆکایەتیی فلۆرێنتینۆ پێرێزدا 7 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای تێدا بەدەستهێنا؛ گلاسکۆ، لیسبۆن، میلان، کاردیف، کیێڤ، پاریس و لەندەن.
ئەو وێنەیە دەستبەجێ زۆرێک لە هاندەرانی بەبیر ئەو بانەرە بەناوبانگە هێنایەوە، کە خوان لاپۆرتا لە کاتی هەڵبژاردنەکانی یانەی بارسێلۆنادا لە مەدرید بە رستەی: “پەرۆشی دووبارە بینینەوەتانم” هەڵواسیبوو. بەگوتەی ئالفرێدۆ مارتینێزی رۆژنامەنووس، بانەرەکەی فلۆرێنتینۆ رێک لەسەر هەمان ئەو باڵەخانەیە دانراوە کە لاپۆرتا بانەرەکەی خۆی تێدا هەڵواسیبوو.
هەڵبژاردنی ئەم ستراتیژییە لەلایەن دەستوپەیوەندی فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە، وەکوو ئاماژەیەکی بەهێز لێکدەدرێتەوە کە “رکابەرییەکی راستەقینە روودەدات”، بەو مانایەی چاوەڕوان دەکرێت ئێنریکێ ریکێلمی بە فەرمی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا بەربژێر بکات، کە ئەمەش ئەندامانی یانەکە ناچار دەکات لەنێوان هەردوو بەربژێرەکەدا یەکێکیان هەڵبژێرن.
بۆ نەمانی هەر گومانێک دەربارەی چەکی سەرەکیی هەڵمەتەکەی فلۆرێنتینۆ، پەیامەکە بە تەواوی روونە: ئەو 7 نازناوەکەی خۆی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەخاتە پێش و ناوەندی هەڵمەتەکەیەوە.



