یولیان ناگلیسمان لەبارەی گۆڵپارێزی سەرەکیی ئەڵمانیا بڕیاری کۆتایی دەدات
کێ گۆڵپارێزی ژمارە یەک دەبێت؟

یاریگا –
یولیان ناگلیسمان رۆژی پێنجشەممە بە فەرمی پێکهاتەی 26 یاریزانیی خۆی بۆ مۆندیال لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا رادەگەیەنێت.
بهپێی زانیارییهکانی سکای سپۆرت، یولیان ناگلسمان بەیانی رۆژی دووشەممە پەیوەندی بە ئۆلیڤەر باومانەوە کردووە، دەگوترێت ناگلیسمان گۆلپارێزەکەی لەو بڕیارە سەرەکییە ئاگادار کردووەتەوە کە مانوێل نۆیەر، تاوەکوو ئەو کاتەی پێکانەکەی ماسوولکەی قاچی لەوە سەختتر نەبێت کە چاوەڕوان دەکرێت، دەبێتە گۆڵپارێزی ژمارە یەکی ئەڵمانیا بۆ مۆندیال.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، راهێنەرەکە هەروەها پرسیاری لێکردووە ئایا باومان هێشتا ئامادەیە وەکوو گۆڵپارێزی ژمارە دوو گەشت بکات. و دەگوترێت ئەویش رۆڵەکەی قبووڵ کردووە. سەرەڕای دابەزاندنی پێگەکەی چاوەڕوان ناکرێت ئۆلیڤەر بانگهێشتکردنی مۆندیال رەتبکاتەوە.

باومان وەکوو سەرکردەیەک و یاریزانێکی گرنگی تیمەکە سەیر دەکرێت، کە هەمیشە پێکهاتەکە دەخاتە پێش هەموو شتێکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەگوێرەی راپۆرتەکان گۆڵپارێزەکە بەهۆی پێشهاتەکانی چەند رۆژی رابردووەوە بێهیوا بووە، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی لە دوایین کەمپی تیمی نیشتمانیدا، وا دیار بوو ناگلیسمان و ئاندریاس کرۆنێنبێرگی راهێنەری گۆڵپارێزەکان دڵنیایان کردبووەوە کە وەکوو ژمارە یەک دەمێنێتەوە، مەگەر شتێکی نائاسایی رووبدات.
گۆڵپارێزەکەی هۆفنهایم لە کاتی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا بە سەرەکی یاریی کردبوو و ئاستێکی بەهێزی پێشکەش کردبوو. ناگلیسمان و کرۆنێنبێرگ پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ باوماندا هەیە، چونکە پێشتر لە ماوەی پێکەوەبوونیان لە هۆفنهایم یەکتریان دەناسی.

کاتێک بەم دواییانە لە بەرنامەی ZDF Sportstudio پرسیاری لێکرا، ناگلیسمان خۆی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان سەبارەت بەم دۆخە بەدوور گرت و روونی کردەوە کە، سەرەتا دەیەوێت بە شێوەیەکی کەسی لەگەڵ هەموو یاریزانە کاریگەرەکاندا قسە بکات.
ناگلیسمان بەمەبەست چاوەڕێی کرد تاوەکوو دوای یارییەکەی هۆفنهایم بەرامبەر بۆروسیا مۆنشنگلادباخ، پێش ئەوەی باومان ئاگادار بکاتەوە، چونکە گۆڵپارێزەکە و یانەکەی هێشتا لەپێناو سەرکەوتن بۆ خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەجەنگان.
تۆڕی سکای رۆژی شەممە بەشێوەیەکی تایبەت بڵاوی کردبووەوە، کە نۆیەر وەکوو گۆڵپارێزی ژمارە یەکی ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکان، هەندێک لە هاوتیمەکانی باومان دوای راپۆرتەکەی سکای تووشی شۆک بوون. لە کاتی گەشتی تیمەکە بۆ مایۆرکا، چەندین یاریزان تەنانەت درێسی باومانیان بە ئاشکرا پۆشیبوو وەکوو پاڵپشتییەک بۆی.




