
یاریگا –
داهاتووی جۆزێ مۆرینیۆ وەکوو راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید بە تەواوی یەکلاییبووەتەوە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، رێککەوتنی تەواوەتی لە نێوان مۆرینیۆ و خۆرخێ مێندێش، بەڕێوەبەری کارەکانی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لەگەڵ کارگێڕیی یانەی شاهانە لەسەر خاڵە سەرەکییەکانی وەکوو ماوەی گرێبەستەکە و مووچەکەی کۆتایی هاتووە و کارەکان گەیشتوونەتە قۆناخی واژۆکردن.

وردەکاریی گرێبەستەکە و کاتی دەستبەکاربوونی
گرێبەستە نوێیەکەی مۆرینیۆ لەگەڵ ریال مەدرید بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت، لەگەڵ بژاردەی نوێکردنەوەی خۆکارانە بۆ ساڵێکی دیکە، بەو مەرجەی بتوانێت نازناوی لالیگا بۆ یانەکە بەدەستبهێنێت. بڕیارە مۆرینیۆ تاوەکوو رۆژی پێنجشەممە لە لیسبن بمێنێتەوە، دواتر بە مەبەستی پشوودان لەگەڵ خێزانەکەی گەشتی لەندەن بکات، پاشان کۆتایی هەفتەی داهاتوو دەگاتە ریال مەدرید بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکەی، چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە بە دەسەڵاتی تەواوەوە دەست بە پڕۆژە نوێیەکەی بکات و هەمان ستافی ئێستاشی بباتە مەدرید.
بۆچی راگەیاندنی فەرمی دواکەوتووە؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، کاتی راگەیاندنی فەرمی بەستراوەتەوە بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ریال مەدرید. وادەی دیاریکراو بۆ خۆبەربژێرکردن لە شەممە 23ـی ئایار کۆتایی دێت. چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممە 24ـی ئایار فلۆرێنتینۆ پێرێز بە فەرمی وەکوو سەرۆک رابگەیەنرێتەوە و راستەوخۆ دوای ئەوە، پێدەچێت دووشەممە گرێبەستەکەی مۆرینیۆ ئاشکرا بکرێت. پێرێز بە مەبەست نایەوێت پێش هەڵبژاردنەکان ئەم گرێبەستە واژۆ بکات، بۆ ئەوەی رووبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبێتەوە، هاوکات بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی مۆرینیۆ لەگەڵ بێنفیکا بە سزایەکی کەم، لە 26ـی ئایار بەسەردەچێت، بۆیە کاتەکە بە تەواوی گونجاوە.



