جیهانعێراقگرنگترین

گراهم ئارنۆڵد نەخشە رێگای هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی بۆ مۆندیال ئاشكرا كرد

رووبەڕووبوونەوەی فەڕەنسا دەرفەتە گه‌وره‌یه‌

Yariga App

یاریگا –

گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری ئوسترالیی هەڵبژاردەی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی پڕ لە پەیامی گرنگدا، نەخشە رێگای شێرەکانی رافیدەینی بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026 خستە ڕوو.

ئارنۆڵد جەختی کردەوە کە ئامانجی ئەو تەنیا گەیشتن نەبووە، بەڵکو دەیەوێت عێراق وەک تیپێکی بەهێز لە جیهاندا دەربکەوێت.

لە سەرەتای قسەکانیدا، ئارنۆڵد بە دڵتەنگییەوە داوای لێبوردنی لە جەماوەری وەرزشیی عێراق کرد کە نەیتوانیوە لە کاتی ئاهەنگەکانی سەرکەوتن بۆ مۆندیال لەگەڵیان بێت و گوتی:

“داوای لێبوردن لە گەلی عێراق دەکەم کە لە ئاهەنگی گەیشتن بە مۆندیال لەگەڵیان نەبووم. ئامادەنەبوونم بەهۆی بڕیارێکی حکومەتی ئوسترالیاوە بوو کە رێگرییان لێکردم لەو کاتەدا بگەڕێمەوە بۆ عێراق، ئەگەرنا زۆر حەزم دەکرد ئەو ساتە مێژووییە لەگەڵ ئێوەدا بەسەر ببەم.”

راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لاپەڕەی ئاهەنگگێڕانی داخست و رایگەیاند کە ئێستا کاتی کارکردنە:

“نامەوێت چیتر باسی چۆنیەتی گەیشتن بە مۆندیال بکەم، ئەوە بوو بە مێژوو. ئێستا دەمەوێت باسی ئەوە بکەم کە لەناو مۆندیالدا چی دەکەین. ئێمە بۆ گەشتکردن ناچینە ئەوێ، بەڵکو بۆ کێبڕکێ دەچین.”

ئارنۆڵد ئاشکرای کرد کە کارەکانیان دەستپێکردووە و گوتی:

“لە ئێستاوە هەموو وردەکارییەکانمان ئامادە کردووە و خۆمان بۆ یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی نەرویج ئامادە دەکەین كه‌ یه‌كه‌م یارییمانه‌ له‌ مۆندیال”

رووبەڕووبوونەوەی فەڕەنسا؛ دەرفەتە گەورەکە

 

سەبارەت بە یارییە قورسەکانی مۆندیال و رووبەڕووبوونەوەی فەڕەنسا، ئارنۆڵد بە جۆش و خرۆشەوە دوا و گوتی:

“ئەمە دەرفەتێکی زێڕین و گەورەیە بۆ یاریزانانی عێراق کە لەگەڵ گەورەترین هەڵبژاردەی جیهان یاری بکەن کە ئەویش هەڵبژاردەی فەڕەنسایه‌، ئەم یارییانە کەسایەتی یاریزانەکانمان نیشانی جیهان دەدەن.”

کەمپی ئیسپانیا و بڕیارە یەکلاکەرەوەکە

بەپێی بەرنامەی ڕاهێنەر، 22ـی ئەم مانگە شاندی هەڵبژاردەی عێراق گەشتی جیرۆنا لە ئیسپانیا دەکات. ئارنۆڵد بۆ ئەم کەمپە 33 یاریزانی بانگهێشت ده‌كات، بەڵام ئەمە لیستی کۆتایی نابێت.

راهێنەری عێراق رایگەیاند: “لە کەمپی ئیسپانیا بە وردی سەیری ئاستی هەموو یاریزانەکان دەکەم، دواتر لیستەکە کورت دەکەمەوە و تەنیا 26 یاریزان لەگەڵ خۆم دەهێڵمەوە کە دەبنە لیستی کۆتایی هەڵبژاردەکە بۆ مۆندیال.”

خشتەی یارییە دۆستانەکان:

هەڵبژاردەی عێراق لەم قۆناخەدا سێ تاقیکردنەوەی گرنگ ده‌كات بۆ پێوانەکردنی ئاستی یاریزانەکانی:

  1. 29ـی ئایار: یەکەم یاریی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەندۆرا لە ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت.

  2. 4ـی حوزەیران: تاقیکردنەوەیەکی گەورە و بەهێز بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا  ئەنجام دەدرێت، کە بە گرنگترین یاریی ئامادەکاری دادەنرێت.

  3. 5ـی حوزەیران: شاندی هەڵبژاردەکە ئیسپانیا جێدەهێڵێت و گەشتی شیکاگۆ له‌ ئەمریکا دەکات.

وێستگەی کۆتایی؛ بەرامبەر ڤێنزوێلا

دوای گەیشتنیان بە خاکی ئەمریکا، هەڵبژاردەی عێراق سێیەمین و دوایین یاریی دۆستانەی خۆی پێش دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیال، بەرامبەر هەڵبژاردەی ڤێنزوێلا ئەنجام دەدات. 

ئارنۆڵد له‌ كۆتایی گوتی، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق جێگه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ گرێبه‌ستم له‌گه‌ڵ بكه‌یت تاكو كۆتایی كاروانی وه‌رزشیت له‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ یاریی بكه‌یت ده‌بێت باشترین ئاستت نیشان بده‌یت.

بابەتی زیاتر

Back to top button