لە نێوان بارسێلۆنا و یوڤێنتوس؛ کێ ململانێی گواستنەوەی بێرناردۆ سیلڤا دەباتەوە؟
ئۆفەرێکی گەورەی بۆ ئامادە دەکرێت

یاریگا –
یوڤێنتوس واز لە بێرناردۆ سیلڤا ناهێنێت و ئۆفەرێکی گەورەی بۆ ئامادە کردووە.
ناوەڕاستکارە پورتوگالییەکە، کە لە کۆتایی حوزەیراندا مانچێستەر سیتی جێدەهێڵێت، سەرنجی چەندین یانەی بۆ لای خۆی راکێشاوە. بارسێلۆنا هێشتا شوێنی دڵخوازی ئەوە، بەڵام زەبەلاحە ئیتاڵییەکە فشارێکی زۆر بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵی دەکات.
داهاتووی بێرناردۆ سیلڤا خەریکە روون دەبێتەوە، هەرچەندە هێشتا هیچ رێککەوتنێک نزیک نییە. لە 16ـی نیساندا یاریزانە 31 ساڵییەکە رایگەیاند کە کاروانی وەرزشیی لە مانچێستەر سیتی لە 30ـی حوزەیراندا کۆتایی دێت، ئەمەش ئارەزووی یانەکانی ئەوروپای زیاد کرد، کە بارسێلۆنا لە سەرووی لیستەکەدایە. ئەم ناوەڕاستکارە گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە و دوای نۆ وەرز لە یاریگای ئیتیحاد بەدوای ئاڵەنگارییەکی نوێدا دەگەڕێت.

بارسێلۆنا یان یوڤێنتوس؟ کێ ململانێکە دەباتەوە؟
بەگوێرە ماڵپەڕی ترانسفێرمارکێت، بەهای بێرناردۆ بە 27 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەبێتە یاریزانی ئازاد لە مانگی حوزەیراندا، وەکوو یەکێک لە گەورەترین مامەڵەکانی بازاڕ دەبینرێت. بەهێزترین خاڵی بارسێلۆنا ئەوەیە کە یاریزانەکە دەیەوێت لە لالیگا یاری بکات و درێسی بارسا بپۆشێت، بۆیە ئامادەیە تاوەکوو کۆتایی چاوەڕێی یانە کاتالتوونییەکە بکات.
بەڵام رۆژنامەی سپۆرت، بڵاوی کردەووەتەوە کە دانوستانەکانی نێوان مانچێستەر و بارسێلۆنا ئێستا وەستاون. خۆرخێ مێندێش، بریکاری بێرناردۆ بەردەوامە لە فشارکردن، لە کاتێکدا دیکۆ کاتی زیاتری دەوێت پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر پلانەکانی گواستنەوەی بارسا بۆ وەرزی 2026-2027 بدات.
یوڤێنتوس جارێکی دیکە دێتەوە نێو کێبڕکێکە
نادیاریی بارودۆخی دارایی بارسا وای کردووە یانەکانی دیکە سوود لەم دەرفەتە وەربگرن. یانەکانی سعوودیە، خولی ئەمریکی، بێنفیکا، گاڵاتەسەرای و بەتایبەت یوڤێنتوس هەموویان هەوڵی گواستنەوەی دەدەن. بەگوێرەی قسەی نیکۆڵۆ شێرا، رۆژنامەنووسی ناوداریی بازاڕی گواستنەوە، یوڤێنتوس ئۆفەرێکی بە بڕی هەشت ملیۆن یۆرۆی تەواو لە ساڵێکدا ئامادە کردووە. شەش ملیۆن یۆرۆی مووچەی جێگیر و دوو ملیۆن یۆرۆ وەکوو پاداشت، ملیۆنێک پەیوەست بە سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگ و ملیۆنێکی دیکەش بۆ ئاستی تاکەکەسی.
🚨 Excl. – #Juventus are ready to offer to #BernardoSilva a contract until 2028 + option for 2029 with a salary of €8M (6 net + 2M as bonuses: 1M if #Juve qualify for UCL and 1M performance-related bonus team & individual). #Spalletti considers him a main target. #transfers https://t.co/4d5gyVbIau
— Nicolò Schira (@NicoSchira) May 12, 2026
یوڤێنتوس ئامادەیە گرێبەستێک تاوەکوو 2028 پێشکەش بە بێرناردۆ بکات، لەگەڵ بژاردەی درێژکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەش، کە ئەمەش وای لێدەکات تاوەکوو تەمەنی 34 ساڵی لە یانەکە بمێنێتەوە. لوسیانۆ سپالێتی، راهێنەری یوڤێنتوس، پشتگیریی سەرەکیی ئەم گرێبەستەیە و بێرناردۆ وەکوو پارچەیەکی سەرەکیی پڕۆژە نوێیەکە دەبینێت و بە ئامانجێکی سەرەکی دەزانێت.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، میدیا ئیتاڵییەکانی وەکوو توتۆ سپۆرت، هێشتا بە تەواوی دڵنیانین کە ئەم گواستنەوەیە رووبدات و پێشنیاری ناوی دیکە وەکوو براهیم دیاز’ـیان کردووە.



