
یاریگا –
جواو کانسیلۆ بە ئاشکرا بێزاریی خۆی بەرامبەر بە هیلال دەربڕی و یانە سعوودییەکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە سەبارەت بە بارودۆخی لەگەڵیدا راستگۆ نەبوون.
بەرگریکارە پورتوگالییەکە ئاشکرای کرد کە هەست بە ناپاکی دەکات دوای ئەوەی بەڵێنی تۆمارکردنی ناوی لە لیستی یانەکە بۆ خولی سعوودی پێدرابوو، بەڵام دواتر ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەکرا. جواو کانسێلۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی DAZN گوتی:
لە هیلال، بەداخەوە کەسانێکم هەبوون کە راستییەکەیان پێنەگوتم. پێیان گوتم کە لە لیستی خولی سعوودیدا تۆمار دەکرێم، دواتریش کە کاتی هات، ئەوەیان نەکرد. بە جۆرێک لە جۆرەکان هەمیشە من ئەو کەسەم کە وەکوو ناڕازی دەردەکەوێت…بەڵام لانی کەم لەسەر قسەی خۆم دەبم. من هەرگیز خۆم ناگۆڕم، کەسێکی راشکاوم و کینە لە دڵ ناگرم.
بەرگریکارەکە ئەوەشی روون کردەوە کە دەزانێت بۆ داهاتووی چی دەوێت، هەرچەندە بە شێوەی گشتی خۆی بەدوور گرت لە ئاشکراکردنی وردەکارییەکان بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر دانوستانەکان نەبێت و گوتی:
دەزانم چیم دەوێت، بەڵام ناتوانم بە ئاشکرا بیڵێم. دەبینین دواتر چی روودەدات.
کانسیلۆ جارێکی دیکە بە گەرمی باسی بارسێلۆنای کرد و یانە کاتالتوونییەکەی بە “باشترین یانەی جیهان” ناوبرد و دانی بەوەدانا، کە تەنانەت پێش پەیوەندیکردنی بەوانەوە هاندەری بارسا بووە و دەڵێت:
بۆ من ئەمە هەستێکی بێوێنەیە. بارسێلۆنا یانەیەکی زۆر تایبەتە بۆ من؛ تەنانەت پێش ئەوەی بێمە ئێرە من هاندەری بارسا بووم. بردنەوەی نازناوی خول لەگەڵ ئەم یانەیە زۆر تایبەتە.
یاریزانە نێودەوڵەتییەکەی پورتوگال ئێستا بە خواستن یاری دەکات و چاوەڕوان دەکرێت داهاتووی دوای 30ـی حوزەیران یەکلایی بکرێتەوە، لەگەڵ زیادبوونی ئاماژەکان بۆ ئەوەی کە دەیەوێت بە هەمیشەیی هیلال جێبهێڵێت.



