رێگای سعوودیە بۆ رافینیا ئاڵۆز دەبێت؛ هیلال ئامانجەکەی بەرەو ئەستێرەیەکی دیکە دەگۆڕێت
رافینیا بێ بریکارە و گیرۆدەی پێکان بووە

یاریگا –
هەرچەندە یانەی هیلالی سعوودی پێشتر هەوڵی گواستنەوەی رافینیای دەدا، بەڵام پێدەچێت هێرشبەرەکەی بارسێلۆنا تاکە ئەستێرە نەبێت کە یانە سعوودییەکە بۆ بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی چاوی تێبڕیوە.
دەرکەوتنی ئامانجێکی گەورەتری وەکوو محەممەد سەڵاح، لە پاڵ پێکانە یەک لەدوای یەکەکانی رافینیا لە مۆندیالی 2026، هاوکێشەکەی بە تەواوی ئاڵۆز کردووە.
تۆڕی ESPN ـی بەرازیلی بڵاویکردووەتەوە، یانەی هیلال هەنگاوی جیددی بۆ گواستنەوەی محەممەد سەڵاح ناوە.
ئەستێرە میسرییەکە لە یەکی تەممووزەوە دەبێتە یاریزانێکی ئازاد، دوای ئەوەی کۆتایی بە کاروانی نۆ وەرزی یاریکردنی دەهێنێت لەگەڵ لیڤەرپوول.
یانە سعوودییەکە ئۆفەرێکی سێ ساڵەی لەگەڵ بژاردەی ساڵێکی زیادە، پێشکەشی سەڵاح کردووە، کە تێیدا مووچەی ساڵانەی سافی بە بڕی 20 ملیۆن یۆرۆی بۆ مسۆگەر کراوە.
ئەمەش رێک هەمان ئەو بڕەیە کە بەنیازن پێشکەشی رافینیای بکەن. هیلال دەیەوێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکدا واژۆ بکات کە کاریگەرییەکی جیهانیی هەبێت و هاتنەپێشەوەی ناوی سەڵاح رەنگە ببێتە هۆی دوورخستنەوەی بژاردەی گواستنەوەی ئەستێرەکەی بارسێلۆنا.

بابەتێکی دیکە کە جێگەی سەرنجە، شێوازی بەڕێوەبردنی کارەکانی رافینیایە. پۆرتاڵی GEـی بەرازیلی ئاشکرای کردووە کە یاریزانەکە دوای تەواوبوونی ئەرکەکانی لە مۆندیال، ئامادەیە دانوستان لەگەڵ سعوودییەکان بکات.
ئێستا رافینیا هیچ بریکارێکی فەرمی نییە، دوای ئەوەی دیکۆ کۆمپانیاکەی داخست بۆ ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەنیا خودی یاریزانەکە و ناتالیای هاوسەری کارەکانی بەڕێوەدەبەن. ناتالیا لەم ماوەیەی دواییدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر چالاک بووە و چەندین دەنگۆی پەیوەست بە داهاتووی هاوسەرەکەی رەتکردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، رافینیا مۆندیالێکی زۆر قورس لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل بەڕێدەکات. هێرشبەرەکەی بلاوگرانا دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر هایتی تووشی پچڕانی ماسوولکەی دواوەی رانی راستی بوو، ئێستا بە تەواوی سەرنجی خستووەتە سەر چاکبوونەوەی.



