بارسێلۆنا گرنگی بە ئەستێرەیەکی پاریس دەدات؛ هەڵوێستی یانە فەڕەنسییەکە چییە؟
گەورەکانی ئەوروپا چاودێریی دەکەن

یاریگا –
لە ساتێکی هەستیاردا گرنگیدانی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپی، لەوانە یانەی بارسێلۆنا بۆ ئەستێرەکەی پاریس سانجێرمان روو لە زیادبوونە.
گرنگیدانی بارسێلۆنا بە برادلی بارکۆلا لە کاتی مێرکاتۆی هاوینەدا بە بەهێزی دەرکەوتووە. بەگوێرەی سکای سپۆرت، یانە کاتالوونییەکە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی باڵە هێرشبەرەکەی پاریس سانجێرمان دەکەن و گواستنەوەی وەکوو هەلێکی ستراتیژی بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەرییان دەبینن. شێوازی ئەستێرە فەرەنسییەکە بەهۆی توانای بڕین، خێرایی، گشتگیری و بواری گەشەکردنیەوە زۆر بەرز دەنرخێنرێت، چونکە دەتوانێت لە هەردوو لای باڵەکان یاری بکات.
ئەم گرنگیپێدانە لە کاتیێکی هەستیاردا بۆ یاریزانەکە لە پاریس دێت. سەرەڕای وەرزێکی سەرنجڕاکێش لە رووی ئامار و ئاستەوە، بارکۆلا لە هەندێک لە گەورەترین یارییەکانی وەرزەکەدا گرنگی خۆی لەدەستداوە بەهۆی رکابەرییە زۆرەکەی هێڵی هێرشبەری لە پێکهاتەکەی لویس ئێنریکێدا.

سەرەڕای ئەوەش، وا دەرناکەوێت پاریس سانجێرمان ئامادەبێت دەرگای رۆیشتنی بۆ بکاتەوە، لانی کەم تاوەکوو ئێستا، هەرچەندە باس لەوە دەکرێت یاریزانەکە لە رۆڵی خۆی لە تیمەکەدا دڵخۆش نییە. بەگوێرەی رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی، پاریس سانجێرمان پێیان وایە دۆخی ئێستای بەهۆی لەدەستدانی متمانە نییە بە بەهرەکەی، بەڵکوو بەهۆی ئاستی بەرزی رکابەرییە لەنێو پێکهاتەکەدا. ئەو بدۆخە بە شێوەیەکی سروشتی سەرنجی یانە گەورەکانی ئەوروپای راکێشاوە.
دەگوترێت کەسانێکی نێو یانە فەرەنسییەکە روونیان کردووەتەوە و گوتوویانە:
ئێمە چوار یاریزانمان هەیە کە هێندە باشن هەر کاتێک یەکێکیان دوور بخرێتەوە، رەخنەمان لێدەگیرێت. ئێمە لە بێزارییەکەی تێدەگەین، بەڵام ئەوانە بڕیاری راهێنەرن. بابەتەکە بەهرە نییە. کاتێک لە لیۆنەوە گرێبەستمان لەگەڵ کرد، جگە لە ئێمە کەس بڕوای نەبوو بتوانێت بگاتە ئەم ئاستە.
رۆژنامە فەرەنسییەکە دەشڵێت لەنێو یانەکەدا بڕوایەکی بەهێز هەیە کە بارکۆلا لە ماوەی مامناوەنددا وەکوو یاریزانێکی گرنگ دەمێنێتەوە، هەرچەندە دەرکەوتنی دێزیرێ دووێ و یاریزانانی وەکوو عوسمان دێمبێلێ و خڤیچا کڤاراتسخێلیا رۆڵی ئەویان لە هەندێک لە یارییە سەرەکییەکاندا کەم کردووەتەوە.

لە باخچەی شازادەکان ێشتا گەشەکردنی بارکۆلا وەکوو پڕۆژەیەکی یانەکە دەبینن. گەنجی و توانای یەکلاکردنەوەی یارییەکان لە رووبەڕووبوونەوەی یەک بەرامبەر یەکدا، وای لێدەکەن ببێتە یاریزانێکی ستراتیژی بۆ داهاتووی پاریس سانجێرمان، تەنانەت ئەگەر لە گەورەترین یارییەکانی ئەم وەرزەدا لە نێوان یاریکردنی سەرەکی و هاتنە ناوەوە وەکوو یەدەکدا بووبێت.
لیکیپ تەنانەت واقیعی ئێستای ئەو بە دەستەواژەیەکی سەرنجڕاکێش وەسف دەکات و دەڵێت وا دەرکەوتووە ئەو هێرشبەرە “مەحکووم بێت بەوەی ببێتە یاریزانی 12ـەیەمی هەمیشەیی پاریس سانجێرمان.” دۆخێک کە بە ناچاری گرنگیپێدانی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپای لێکەوتووەتەوە، لەوانە بارسێلۆنا.
پاریس سانجێرمان هێشتا باڵە فەرەنسییەکە وەکوو بەشێکی گرنگ لە پڕۆژە وەرزشییەکەی دەبینێت و بەگوێرەی میدیا فەرەنسییەکان، تەنانەت کار لەسەر باشکردن و درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی دەکەن بەهۆی زیادبوونی گرنگیپێدانی یانە گەورەکانی دیکە. بەڵام، ئەگەر یاریزانەکە فشار بکات بۆ رۆیشتن، پاریس سانجێرمان ناچار دەبێت گوێ لەو ئۆفەرانە بگرێت کە پێشکەشی دەکرێن.



