
یاریگا –
وەکوو چاوەڕوان دەکرا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، بۆ یاریی کلاسیکۆی سبەی گەشتی بارسێلۆنا ناکات.
پێرێز لە هەڵوێستە توندەکەی بەرامبەر یانە کاتالوونییەکە بەردەوامە و لەوەتەی ساڵی 2023 و تەقینەوەی دۆسیەی نێگرێرا، ئامادە نییە لە سەکۆی تایبەتی یاریگاکانی بارسێلۆنا دابنیشێت.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ئەم بڕیارە تەنیا سەرۆک ناگرێتەوە، بەڵکوو بڕیاردراوە هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەنێوان ئەندامانی کارگێڕی هەردوو یانەدا نەکرێت.
ئەو نەریتە کۆنەی کە پێش هەموو کلاسیکۆیەک هەردوو سەرۆک، پێرێز و لاپۆرتا لەسەر خوانێکی نانخواردن کۆدەبوونەوە، ئێستا بە تەواوی کۆتایی پێ هاتووە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو یانە لە قۆناخی پچڕانی تەواودایە.

مێژووی بایکۆتەکە
دوورکەوتنەوەی پێرێز لە کامپ نۆو لە 19ـی ئازاری ساڵی 2023ـوە دەستیپێکرد. ئەوکات بۆ یەکەمجار لە ماوەی 20 ساڵدا، پێرێز ئامادەنەبوو بچێتە بارسێلۆنا. ئەمساڵیش هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە. هەرچەندە لە وڵاتی سعوودیە و لە جامی سوپەردا هەندێک کۆبوونەوەی فەرمی وەکوو پرۆتۆکۆڵ بینران، بەڵام لە چوارچێوەی لالیگا، مەدرید هیچ سازشێک بۆ بارسێلۆنا ناکات.
هەڵوێستی بارسێلۆنا
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان لە نێو یانەی بارسێلۆناوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوانیش هیچ ئارەزوویەکیان بۆ سازکردنی خوانی نیوەڕۆ لەگەڵ مەدریدییەکان نییە. بارسا پێی وایە تێوەگلانی ریال مەدرید لە دۆسیەی نێگرێرا وەکوو لایەنێکی سکاڵاکار، خیانەت بووە لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوانیان.



