کاماڤینگا لە مەترسیدایە؛ جۆکەرەکەی ریال مەدرید مۆندیال لەدەستدەدات؟
بۆچی ئەم وەرزی کاماڤینگا لە ریال مەدرید بووە بە کابووس؟

یاریگا –
ئێدواردۆ کاماڤینگا، ئەو یاریزانەی رۆژانێک وەکوو جۆکەر لە ریال مەدرید دەبینرا، ئێستا لە خراپترین وەرزی ژیانی پیشەگەریدا دەژیت.
کاماڤینگا نەک تەنیا لە ریال مەدرید پێگەی لاواز بووە، بەڵکوو بەگوێرەی نوێترین زانیارییەکانی Telefoot، ئەگەری دوورخستنەوەی لە لیستی هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ مۆندیالی 2026 زۆر بەهێزە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی ئاس لەو بارەیەوە دەڵێت، دۆخی کاماڤینگا لە هەڵبژاردەی فەرەنسا گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار. دیشامپ کە هەمیشە گومانی لە ئاستی بەرگری و پابەندیی کاماڤینگا هەبووە، ئێستا ناوی خستووەتە کۆتایی لیستی ناوەڕاستکارانی کەڵەشێرەکان. لە یارییەکانی مانگی ئازار، کاماڤینگا تەنیا 27 خولەک یاریی کرد و یاریزانانی وەکەە کانتێ، زایەر ئیمری و مانۆ کۆنێ لە ریزبەندییەکەدا پێشی کەوتوون. دەگوترێت سووربوونی کاماڤینگا لەسەر یارییکردن لە ناوەڕاست و نەگونجانی لە باڵی چەپ، دەرگاکانی مۆندیالی بەروودا داخستووە.

کێشەکانی کاماڤینگا تەنیا هونەری نین. لە مانگی ئازار تووشی هەوکردنی ددان بوو، پزیشکەکان پێشنیاری نەشتەرگەرییان بۆ کرد، بەڵام رەزامەند نەبوو، بۆ ئەوەی یارییە گرنگەکانی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لەدەست نەدات. ئەم بڕیارە وایکرد ئاستی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت. ئالڤارۆ ئاربێلواش لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکان بە لێدوانە تەمومژاوییەکانی گومانی لەسەر هەوڵ و ماندووبوونی هەندێک یاریزان دروستکرد، کە ئاماژەیەکی روون بوو بۆ کاماڤینگا.
En difficulté au Real Madrid, Eduardo Camavinga voit sa place en équipe de France sérieusement menacée pour la Coupe du monde. ❌🇫🇷 @SaberDesfa pic.twitter.com/KddyQJ2jT5
— Téléfoot (@telefoot_TF1) May 3, 2026
لە یارییەکەی بەرامبەر ئالاڤێس، بۆ یەکەمجار هاندەرانی بێرنابیۆ فیکەی ناڕەزایەتییان بۆ کاماڤینگا لێدا. ئەویش لەبری خۆدزینەوە، بە دەوری یاریگادا سووڕایەوە و داوای لێبووردنی کرد. سەرەڕای پێشنیارەکانی پاریس سان جێرمان و یانەکانی پرێمەرلیگ، کاماڤینگا کە گرێبەستەکەی تاوەکوو ساڵی 2029ـیە و سوورە لەسەر مانەوە و دەیەوێت لە پێنج یاریی داهاتوو بیسەلمێنێت کە هێشتا یاریزانە گەورەکەی جارانە.



