چێڵسی واز لە لامپارد ناهێنێت و سەرۆکی کۆڤێنتری دێتە دەنگ
دوای 25 ساڵ یانەکەی بە پرێمەرلیگ شادکردەوە

یاریگا –
دۆگ کینگ، خاوەنی یانەی کۆڤێنتری هیواخوازە فڕانک لامپارد لە وەرزی داهاتوو لەگەڵیان بەردەوامبێت، ئەمەش دوای ئەوەی دەنگۆی پەیوەندیکردنی لامپارد بە چێڵسی گەرم بووە.
لامپارد، ئەفسانەی ئینگلتەرا لە یەکەم وەرزی وەکوو راهێنەری کۆڤێنتری توانی دوای 25 ساڵ یانەکە بگەڕێنێتەوە پرێمەرلیگ، بەڵام دەنگۆی ئەوە دروست بووە، چێڵسی دەیەوێت دووبارە لامپارد وەکوو راهێنەری یانەکە دەستنیشانبکات.
چێڵسی هەفتەی رابردوو لیام رۆسێنیۆری لە پۆستەکەی دوورخستەوە، لە کاتێکدا ئەو راهێنەرە تەنیا سێ مانگ لەمەوبەر گرێبەستێکی بۆ ماوەی شەش وەرز و نیو لەگەڵ بلوز واژۆ کردبوو.
چوار ساڵ و نیو لەمەوبەر کۆمپانیای BlueCo بووە خاوەنی چێڵسی، لەوکاتەوە یانەکە چوار راهێنەری هەمیشەیی لە پۆستەکانیان دوورخستووەتەوە و ئێستا بەدوای پێنجەم راهێنەر دەگەڕێت.
لامپارد وەکوو یاریزان 13 وەرز درێسی چێڵسی پۆشیووە، 211 گۆڵی کردووە و گۆڵکاری مێژوویی یانەکەیە، پێشتر لە دوو کاتی جیاواز راهێنەری چێڵسی بووە، جاری یەکەم لە 2019 بۆ 2021 بوو، جاری دووەمیش لە 2023 وەکوو راهێنەری کاتی یانەکە کاری کرد.
دوای بەڕێکردنی قۆناخێکی شکستخواردوو وەکوو راهێنەری ئێڤەرتن، لە تشرینی دووەمی 2024 وەکوو راهێنەری کۆڤێنتری دەستبەکار بوو، لەم وەرزە توانی بۆ یەکەمجار لەدوای 2001 یانەکە بۆ پرێمەرلیگ سەربخات.
کینگ لە پۆدکاستی “The Football Boardroom” رایگەیاند: بێگومان دەمەوێت لامپارد لە یانەکەمان بمێنێتەوە، فڕانک دەزانێت من چۆن بیر لەو دەکەمەوە.
هەروەها دەڵێت: لامپارد یارمەتیداین پێشبکەوین و گەشەی بە تیمەکەمان دا و بەبێ هیچ پاڵپشتییەکی دارایی ئێمەی کردە پاڵەوانی چامپیۆنشیپ.
هەموو کەسێک ئەوەی دەوێت کە ئارەزووی دەکات، منیش سەەیری بارۆدەخەکە دەکەم و هیواخوازم لامپارد بۆ ئەم سەرکێشییە نوێیەی لە پرێمەرلیگ دەستمان پێکردووە لەگەڵماندا بێت، چونکە پێموایە ئەو چێژ لە کارکردن لەو ژینگەیەدا دەبینێت.



