تەواو؛ نەورۆز لەگەڵ ئەستێرەیەکی گەورە گەیشتە رێککەوتن
گۆڵکارە بەڕازیلییەکە واژۆی لەسەر گرێبەستەکە کردووە

یاریگا –
نەورۆز لەگەڵ نێتۆ ئاکارا، هێرشبەری بەڕازیلی گەیشتووەتە رێککەوتن و گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە نوێدەکاتەوە و لە ئانفیڵدەکەی کوردستان دەمێنێتەوە.
بریکاری کارەکانی نێتۆ ئاکارا بەشێوەیەکی تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، نێتۆ ئاکارا گرێبەستەکەی لەگەڵ نەورۆز بۆ وەرزێکی دیکە نوێکردووەتەوە ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە وەرزی داهاتووش لە نەورۆز دەمێنێتەوە.
بریکارەکانی نێتۆ بە یاریگای راگەیاند: نێتۆ ئاکارا واژۆی لەسەر پەڕاوەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە کردووە و یانەکەی شاری سلێمانی بەمزووانە نوێکردنەوەی گرێبەستی گۆڵکارە بەڕازیلییەکەی رادەگەیەنێت.
ئاکارا لە مێرکاتۆی زستانە گوبیرای جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی نەورۆز کرد، تاوەکوو ئێستا بە درێسی نەورۆز لە 13 یاریی بەشداریی 12 گۆڵی کردووە، 8 گۆڵی کردووە و 4 گۆڵی دروستکردووە و 2 گۆڵیان لە رێگەی لێدانی سزا بووە.
نێتۆی تەمەن 26 ساڵان ماوەی پێنج مانگە یاریی بۆ نەورۆز دەکات، بەڵام بەهۆی ئاستە بەرزەکەی هەرزوو دڵی هاندەرانی یانەکەی بەدەستهێنا و نەورۆز بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا.



