
یاریگا –
راهێنەری نەورۆز بەڵێنی جەژنانە بە هاندەرانی یانەکە دەدات و سێ یاریزانی کاریگەریش بۆ یارییەکە ئامادە نابن.
لە گەڕی 37ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، چوارشەممە ( 27ـی ئایاری 2026 ) نەورۆز لە یاریگای خۆی رووبەڕووی مووسڵ دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییە نەورۆز بە هۆی پێکانەوە لە توانای هەریەک ئەمیر نەدیم ، نیتۆ ئەکارا هێرشبەری بەڕازیلی، محەمەد حایکی لوبنانی لەگەڵ ئۆگنێین مێرسیجی بەرگریکاری کڕواتی بێبەش دەبێت، لە دوو یاریی رابردوودا نەورۆز سەرکەوتنی بەرامبەر هەولێر و زاخۆ بەدەستهێناوە.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز وێڕای باسکردنی ئامادەکاری تیپەکەی، بەڵێنی جەژنانەش لە یارییەکەی ئەمڕۆ بە هاندەرانی یانەکە دەدات:
تیپەکەمان لە دۆخێکی باشدایە تایبەت دوای دوو سەرکەوتن لە دوو یاریی رابردوودا، ئامانجی سەرەکیمان بەرامبەر مووسڵ وەرگرتنی سێ خاڵی یارییەکەیە بۆ ئەوەی پێگەمان لە ریزبەندی هەشتەم مسۆگەر بکەین، دەمانەوێ سەرکەوتنەکەش وەک جەژنانە بە هاندەرانی نەورۆز ببەخشین، تیپەکەمان بە هۆی زۆری پێکانەوە دەناڵێنێ، بەڵام باوەڕی تەواوم بە یاریزانەکانم هەیە کە شوێنیان پڕبکەنەوە.
سوورپۆشەکانی سلێمانی بە 53 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ زاخۆ لە ریزبەندی نۆیەم دێت، لە دوا گەڕی خولەکەش بەرامبەر نەفت یاریی دەکات، مووسڵ 43 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 12ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



