
یاریگا –
راهێنەری نەورۆز هۆکاری شکستەکەیان بەرامبەر کارەبا ئاشکرا دەکات و دەڵێت کارەبا زیاتر پێویستی بە سێ خاڵی ئەم یارییە هەبوو.
لە گەڕی 34ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 1 بەرامبەر کارەبا شکستی هێنا، دووەم شکستی نەورۆز بوو لەسەر یەک دوای شکستەکەی هەفتەی رابردوویان بەرامبەر شوڕتە، هەرچەندە لە یاریی کارەبا شەش یاریزانی سەرەکی نەورۆز بە هۆی پێکانەوە بەشداری یارییەکەیان نەکرد.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز دوای یارییەکە هۆکاری شکستەکەیانی باسکرد و گووتی:
وێڕای یاریینەکردنی چەند یاریزانێکمان بەڵام ئاستێکی بەرزمان پێشکەشکرد و چەند هەلێکی گۆڵمان لەدەستدا، گێمی دووەم گەڕاینەوە و گۆڵی بەرامبەریشمان تۆمار کرد، بەڵام یاریزانەکان سەرکەوتوو نەبوون لە تۆمارکردنی گۆڵی دووەم، بە هۆی ئەو ریزبەندییەی تێیدایە کارەبا زیاتر پێویستی بە سەرکەوتن بوو بۆ ئەوەی خۆی لە پلەکانی دواوە رزگار بکات، بۆیە ئەوان سوورتربوون لەسەر سەرکەوتنی یارییەکە.
نەورۆز ریزبەندی نۆیەمی بۆ دهۆک چۆڵکرد و بە 47 خاڵ هاتە ریزبەندی 10ـی خولەکە، گەڕی داهاتووش لە یارییەکی گرینگدا لە یاریگای فرانسۆ هەریری رووبەڕووی هەولێر دەبێتەوە، کارەباش بە 34 خاڵ هاتە ریزبەندی 16ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق.



