مانچێستەر سیتی جێگرەوەی بێرناردۆ سیلڤا لە ئیسپانیا دەدۆزێتەوە
مان سیتی بە 20 ملیۆن یۆرۆ جێگرەوەی سیلڤا دەگوازێتەوە

یاریگا –
لە کاتێکدا مانچێستەر سیتی خۆی بۆ ماڵئاواییکردن لە ئەستێرە پورتوگالییەکەی، بێرناردۆ سیلڤا ئامادە دەکات، گواردیۆلا و تیمەکەی بڕیاریانداوە جارێکی دیکە پەنا بۆ یانەی جیرۆنا ببنەوە.
ماڵپەڕی فیچاخێس بڵاویکردووەتەوە، عزەدین ئۆناحی، ئەستێرەی مەغریبی یانەی جیرۆنا، بووەتە ئامانجی سەرەکی مانچێستەر سیتی و دەیەوێت هەمان سیناریۆی ساڤینیۆ دووبارە بکاتەوە و لە رێگەی پەیوەندییەکانی ‘سیتی گرووپ’ـەوە ئەم جادوودەرە بباتە ئینگلتەرا.

ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە بۆ سیتی، نرخی یاریزانەکەیە؛ ئۆناحی تەنیا 20 ملیۆن یۆرۆ نرخی شکاندنی گرێبەستەکەیەتی. مان سیتی ئامادەیە تەنانەت بڕێکی زیاتریش بدات تەنیا بۆ ئەوەی کارئاسانی لە شێوازی پارەدانەکەدا بۆ بکرێت و یاساکانی دارایی ئینگلتەرا پێشێل نەکات.
ئۆناحی لەم وەرزەدا پێنج گۆڵ و سێ ئەسیستی کردووە، یەکێک بووە لە باشترینەکانی لالیگا و گواردیۆلا وەکوو پۆڵایەک لە تەنیشت رۆدری دەیبینێت.



