
یاریگا –
فلۆرێنتینۆ پێرێز بەفەرمی وەک سەرۆکی ریال مەدرید هەڵبژێدرایەوە.
ئەمڕۆ 7ی مانگی حوزەیران/یۆنیۆی 2026 دوای 20 ساڵ ریال مەدرید کەشی هەڵبژاردنی پڕ کێبڕکێکاری بەخۆوە بینیەوە.
ئەگەرچی فلۆرێنتینۆ پێرێز بەیاسایی دەیتوانی بەبێ هەڵبژاردنیش تاوەکوو ساڵی 2029 سەرۆکی یانە شاهانەکە بێت، بەڵام لە 12ی مانگی رابردوو ئاڵنگاریی (چاڵنج)ی رەخنەگر و رکابەرەکانی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەقینە لە هەڵبژاردنێکدا، کە وەک خۆی بانگەشەی بۆکرد “لە سێبەرەکان بێنە دەرەوە”
دوای ئەوەی ئێنریکی ریکیلمێ وەک رکابەر خۆی ناساند، لە ماوەی چەند رۆژدا بانگەشەیەکی توند لەنێوان سەرۆکەی مێژووییەکە و سەرمایەدارە گەنجەکەدا بینرا کە سەرەنجام بە بردنەوەی ئەوەی یەکەم کۆتایی هات.
هەردوولا هەرچی کاری بەهێزی خۆیان هەبوو بەکاریانهێنا بۆ راکێشانی دەنگی زیاتر. هەر لە بەڵێنی گرێبەستی گەورە، راهێنەری سوپەر، پرۆژەی نوێ و چەندین لێدوانی دڵخۆشکەر و کاریگەر بۆ مسۆگەرکردنی سۆزی گشتتی شەقامی وەرزسی مەدرید و ئەندامانی دەنگدەر بەتایبەت.
بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمی، پێرێز توانی هەڵبژاردەکە بباتەوە. بەوەش پارێزگاریی لە کورسیەکەی کرد کە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوو هەرخۆی قۆرخی کردووە.
پیرێز 31 ساڵ بەرلە ئێستا ئەم ئەزموونەی کێبڕکێی سەرۆکایەتی تاقیکردووەتەوە کاتێک لە ساڵی 1995 رکابەرایەتی پۆستەکەی کرد لەدژی رامۆن مێندۆزا، بەڵام دوای بردنەوەی واژۆیەکی زۆر، کەچی نەیتوانی کورسیەکە بباتەوە.
دواتر لە ساڵی 2000 جارێکیتر متمانەبەخۆبوونی پیشاندایەوە، توانی رکابەرێتیەکە لە لۆرێنزۆ سانز بباتەوە و بۆ یەکەمین جار بە گەیشتن بە سەرۆکایەتی شادبێتەوە.
لەوکاتەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز کە ئێستا تەمەنی 79 ساڵە، بەگشتی 22 ساڵە لەسەر تەختی سەرۆکایەتی شاهانەکان دانیشتووە. بەم شێوەیەی خوارەوە:
2006-2000 , هەروەها 2009 تا ئێستا.
له یەکەم لێدوانی دوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆک، پێرێز وتی
ئێمە بردمانەوە. من لێرەم تا بەرگریی لە ریال مەدرید بکەم. ئێمە هەر خێزانێکین. ئەمڕۆ بۆ من و بۆ هەموو هاندەرانی ریال مەدریدیش رۆژێکی زۆر خۆشە. بەردەوام دەبین لە بردنەوەی نازناوەکان.
¡𝑻𝒓𝒂𝒔 𝒎𝒖𝒄𝒉𝒂𝒔 𝒉𝒐𝒓𝒂𝒔 𝒅𝒆 𝒆𝒔𝒑𝒆𝒓𝒂, 𝒑𝒐𝒓 𝒇𝒊𝒏, 𝒍𝒍𝒆𝒈𝒂 𝑭𝒍𝒐𝒓𝒆𝒏𝒕𝒊𝒏𝒐❗
🗣️ El presidente da sus primeras declaraciones: “Es un dia muy feliz para mí y para todo el madridismo”
Sigue en directo las elecciones del Real Madrid: https://t.co/zX6q3LIKDp pic.twitter.com/LCZah7bnYZ
— Diario SPORT (@sport) June 7, 2026
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان کە رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، پێرێز رێژەی 67%ی دەنگەکانی بردووەتەوە. هەچی ریکیلمێ 33%.
لە بەرامبەردا ئینریکێ پیرۆزبایی لە پێرێز کرد و، هاوکات جەختیش کردەوە کە ئەمە هێشتا کۆتایی هەمووشتێک نییە.



