
یاریگا –
ئالڤارۆ ئاربێلوا پێش یارییەکەی ریال بێتیس قسەی کرد و باسی لەو مشتومڕە کرد کە لەسەر پەیوەندییەکەی لەگەڵ کاپتنی یانەکە هەیە.
ئاربێلوا نزیکەی دوو خولەکی بەسەر برد بۆ روونکردنەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ کارڤاخال و ئەو وەڵامە سارد و سەرسوڕهێنەرەی کە دابوویەوە بە پرسیارێک سەبارەت بە یاریزانەکە دوای سەرکەوتنی 2-1 بەرامبەر ئالاڤێس. ئالڤارۆ ئاربێلوا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی پێش یاریی رۆژی هەیینی بەرامبەر بێتیس قسەی کرد بۆ روونکردنەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ یاریزانە ئیسپانییەکە و گوتی کە رۆڵێکی ناڕەوای پێدەدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا راهێنەرەکە پێگەی ئالیکساندەر ئارنۆڵدی لە پێکهاتەی سەرەکیدا بە رەوا زانی و دەربارەی یاریزانە ئینگلیزییەکە گوتی: “ئەو یاری دەکات چونکە شایستەیەتی.”
کەیسی کارڤاخاڵ گەرم دەبێت، پەیوەندیت لەگەڵ کاپتنەکە چۆنە؟
وەڵامەکەی ئەو رۆژەم کورت و جددی بوو بۆ پرسیارێک کە پێم وابوو لە شوێنی خۆیدا نەبوو، بابەتەکە پەیوەندی بە دانی کارڤاخالەوە نەبوو. دەتوانن وەڵامەکانم ببینن هەر کاتێک دەربارەی ئەو قسە دەکەم، لە یاریزانەکانم بپرسن چۆن لە ژووری خۆگۆڕین دەربارەی ئەو قسە دەکەم. ئێوە هەوڵ دەدەن رۆڵێکی ناڕەوام لەم بارودۆخەدا پێبدەن. دانی زیاتر لە ئامادەیە بۆ چوون بۆ مۆندیال، لێی رازیم و پێم وایە دەبێت بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانیش بە هەمان شێوە گرنگ بێت. من هەمیشە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵیدا هەبووە، هەمیشە بە سۆز و رێز و سەرسامییەوە مامەڵەم لەگەڵ کردووە. ئەوەی کە وابیربکرێتەوە من پێکهاتەکان لەسەر بنەمای هۆکاری کەسی دادەنێم… بۆم قورسە باوەڕ بەوە بکەم، کە هیچ راهێنەرێک لە جیهاندا هەبێت پێکهاتەکەی لەسەر بنەمای هۆکاری وەرزشی دانەنێت.

بەڵام کارڤاخال تەنیا 22%ـی خولەکە بەردەستەکانی ئەم وەرزەی یاریی کردووە…
زۆر سادەیە، تەنیا 11 یاریزان دەتوانن یاری بکەن. بابەتەکە ئەوە نییە کە نەتوانن یاری بکەن. زۆر یاریزان هەن کە من بەرامبەریان نادادپەروەرم، بەڵام دەزانم چەند بە باشی راهێنان دەکەن، هەر ئەوەندەیە.
ئایا حەز دەکەیت کارڤاخال وەرزی داهاتوو بمێنێتەوە؟
کاتێک پرسیارم لێدەکەن، هەمیشە هەمان شت دەڵێم: ئەمە لە نێوان خۆیاندایە (یاریزان و یانەکە). من بە هەر شتێک دڵخۆش دەبم کە ئەوان دڵخۆش بکات. هەر شتێک بۆ کارڤاخاڵ و مەدرید باش بێت، بۆ منیش باشە.

ئارنۆڵدت بەلاوە پەسەندترە یان کارڤاخال؟
ئارنۆڵد ئاستێکی بەرز نیشان دەدات، پێگەی خۆی بەدەست هێناوە، ئاستی جێگەی گومان نییە. هەر یەکێک لە یارییەکان بۆ من هەموو شتێکە. کاتێک یاریزانێک هەڵدەبژێرم، لەبەر ئەوەیە کە بڕوام وایە شایستەیەتی و پێم وایە یارمەتیمان دەدات بۆ بردنەوە. من تەنانەت یەک خولەکیش بە دیاری نادەم بە هیچ کەسێک.
رات چییە لەسەر ئەوەی ئێمباپێ لایکی پۆستێکی کردووە دەربارەی ئەگەری گەڕانەوەی مۆرینیۆ؟
گرنگی پێنادەم. ئەو دەتوانێت لایکی مۆرینیۆ، جولیا رۆبێرتس یان هەر کەسێکی دیکە بکات.
تۆ هەمیشە پاڵپشتی یاریزانە لاوەکانت کردووە، وەک سێستێرۆ، پیتارچ، پالاسیۆس، ئەگوادۆ… چۆن بۆ هاندەرانی روون دەکەیتەوە کە ئەوان لە پێکهاتەی سەرەکیدا ون بوون؟
لاوەکان یارمەتیدەر بوون و نیشانیاندا کە دەتوانن بۆ تیمی یەکەم یاری بکەن. ئەوە یەکێکە لە ئەرێنیترین شتەکانی ئەم وەرزە. ئەوان نیشانیاندا کە دەتوانن ئاستی زۆر باش پێشکەش بکەن، وەکوو چۆن لە خولی لاوان و لەگەڵ کاستیا پێشکەشیان کرد. متمانەی من پێیان بە نهگۆڕی دەمێنێتەوە.
ئێستا چۆن هانی تیپەکە دەدەیت؟
ئامانجی سەرەکیم هاندانی یاریزانانی ریال مەدرید نییە، ئەوان خۆیان داواکارییەکی زۆریان لە خۆیان هەیە. ئەرکی من ئەوەیە ئامادەیان بکەم بۆ ئەوەی لە ناو یاریگادا رووبەڕووی دەبنەوە.

نیگەرانیت لەوەی رەنگە یاریزانەکان لە ئێستاوە بیریان لای مۆندیال بێت؟
ئەگەر ئاستی خۆم دانەبەزێنم، هیوادارم یاریزانەکانیشم وایان لێنەیەت. دڵنیام بەردەوام هەمان پابەندبوون دەبینین.
هێشتا لە رووی ماتماتیکییەوە خاڵ ماوە بۆ گەڕانەوە بۆ کێبڕکێی نازناوەکە.
ئەمە پەیوەست نییە بە ئێمەوە. ئامانجمان بردنەوەی شەش یاریی کۆتاییە، بێگوێدانە ئەوەی بارسێلۆنا چی دەکات. ئێمە تەنیا سەرنجمان لەسەر ئەم یارییەیە بەرامبەر ریال بێتیس.



