
یاریگا –
زاخۆ لە یاریگای خۆی بەرامبەر تەڵەبە شکستی هێنا، ئەیوب ئۆدیشۆی راهێنەریش دەڵێ سێ خاڵەکە لە نێو دەستی خۆماندا بوو.
لە گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زاخۆ لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 1 بەرامبەر تەڵەبە شکستی هێنا، لە حەفت یاریی رابردوو زاخۆ تەنها یەک سەرکەوتنی تۆمار کردووە ئەویش بەرامبەر دهۆک بوو، وێڕای ئەوەی بەرامبەر ئەمانەی بەغدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام بە هۆی پەڵپی ئەمانە زاخۆ بە ئەنجامی 3 _ 0 بەشکست هەژمارکرا.
ئەیوب ئۆدیشۆ، راهێنەری زاخۆ کە 11 یارییە سەرپەرشتی تیپەکە دەکات، دەربارەی شکستەیان لە یاریی تەڵەبە رایگەیاند:
سەرەڕای ئەوەی کۆنتڕۆڵی یاریگامان کردبوو ئاستێکی بەرزمان پێشکەشکرد، بەڵام هەلی زۆرمان لەدەستدا و سێ خاڵی ئەم یارییە لە نێو دەستی خۆماندابوو، هەڵەی تاکی چەند یاریزانێک دوو گۆڵیان بە تیپی بەرامبەر بەخشی، پێویستە لەسەرمان جارێکی دیکە بگەڕێینەوە رێچکەی سەرکەوتن و دڵی هاندەرانمان خۆش بکەینەوە.
زاخۆ 44 خاڵی هەیە لە ریزبەندی هەشتەم دێت، یاریی داهاتووشی بەرامبەر مینا دوادەخرێت بەهۆی ئەنجامدانی یاریی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بەرامبەر شەبابی سعودی، تەڵەبەش 54 خاڵی هەیە و بەشێوەی کاتی لە ریزبەندی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



