دوایین پێشهات؛ نێیمار دەچێتە لای مێسی؟
یانەیەکی ئەمریکی گفتوگۆی گواستنەوەی دەکات

یاریگا –
یانەیەکی خولی ئەمریکی لەگەڵ نوێنەرانی نێیمار بە مەبەستی گواستنەوەی بۆ خولەکە دەستی بە گفتوگۆی سەرەتایی کردووە.
بە گوێرەی ئاتلێتیک، ئەگەرچی ئەو گفتوگۆیانە هێشتا لە قۆناخی زۆر سەرەتاییدان، سینسیناتی ئێستا بەدواداچوون بۆ ئارەزوو و داواکارییەکانی نێیمار دەکات، لە هەمان کاتدا لە نێوخۆدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات ئایا گواستنەوەی ئەستێرەیەکی جیهانی هەنگاوێکی راست دەبێت بۆ یانەکە یان نا.
یانەکەی خولی ئەمریکی خۆی وەکوو شوێنێکی سەرنجراکێش دەبینێت بۆ هەردوو ئەستێرەی نێودەوڵەتی و یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەمریکا. لە رابردوودا بەدواداچوونیان بۆ گرێبەستی وێستن مەککینی و جۆش سارجێنت کردووە و پێیان وایە هێزە داراییەکەیان و دامەزراوە مۆدێرنەکانیان دەکرێت سەرنجی نێیمار رابکێشن.
بۆ ئیستا هیچ پەلەکردنێک نییە. نێیمار تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ سانتۆس هەیە. پێشتر، شیکاگۆ فایەر گفتوگۆی جددی لەگەڵدا کرد کاتێک لە ساڵی 2025 هیلالی جێهێشت، بەڵام ئەو بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ سانتۆس و دواتریش مانەوەکەی درێژکردەوە.

نێیمار لە تەمەنی 34 ساڵیدا، بە تۆمارکردنی 11 گۆڵ و چوار ئەسیست لە ماوەی کەمێک زیاتر لە 2000 خولەکدا، رۆڵێکی سەرەکی لە یارمەتیدانی سانتۆس بۆ رزگاربوون لە دابەزین لە کۆتایی ساڵی 2025 گێڕا. لەم وەرزەشدا بە بەهێزی دەستی پێکردووە بە تۆمارکردنی سێ گۆڵ و دوو ئەسیست لە چوار یاریی سەرەتای خولەکەدا، بە ئامانجی سەلماندنی توانای جەستەیی خۆی بۆ کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری بەرازیل پێش مۆندیالی 2026.
سەرەڕای ئەوەش نێیمار بانگهێشتی پێکهاتەی بەرازیل نەکرا بۆ یارییە دۆستانەکانی مانگی ئازار. ئەو دانی بە بێهیوایی خۆیدا نا بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە سەرنجدان تاوەکوو بانگێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەکە پێش دیاریکردنی پێکهاتەی کۆتایی بەدەست بهێنێت.
ناوە دیارەکانی وەکو مارکۆ رۆیس، هوگۆ لۆریس، تۆماس مولەر، ویلفرێد زاها، هیونگ مین سۆن، رۆدریگۆ دی پۆڵ، جەیمس رۆدریگێز، تیمۆ ڤێرنەر و ئەنتوان گریزمان لەم ساڵانی دواییدا یان پەیوەندییان بە خولی ئەمریکییەوە کردووە یان چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندی بە خولەکەوە بکەن.



