ئاسیاعێراقکوردستانگرنگترین

ئەیوب ئۆدیشۆ و ئاسۆ رۆستەم بێده‌نگی ده‌شكێنن و باسی ڤار ده‌كه‌ن

سێ یارییە لە زاخۆ نەیبردووەتەوە و کاتی ئەوە هاتووە هاندەران دڵخۆش بکەین

Yariga App

یاریگا –

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بەر لە رووبەڕووبوونەوەی یانەی تەڵەبە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەریەکە لە ئەیوب ئۆدیشۆ، راهێنەری یانەی زاخۆ و ئاسۆ رۆستەمی هێرشبەری تیپەکە، دوایین ئامادەکاری و پلانی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە خستە ڕوو.

ئەیوب ئۆدیشۆ: قەرەبووی خاڵەکان دەکەینەوە و نامانەوێت یاریزانەکانمان بدۆڕێنین

ئەیوب ئۆدیشۆ ئاماژەی بەوەكرد کە تیپەکەی لە یاری رابردوودا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە، بەڵام کارتی سوور و کەمی توانای جەستەیی لە کۆتایی یارییەکەدا رێگر بوون لە بردنەوە.

گوتیشی:

“سێ یارییە لە یاریگای خۆماندا سەرکەوتنمان بەدەست نەهێناوە، بۆیە ئەم یارییە دەرفەتێکی باشە بۆ قەرەبووکردنەوە و دڵخۆشکردنی هاندەرانمان.”

سەبارەت بە پێکان و ئامادەیی یاریزانان، ئۆدیشۆ جەختی لەسەر پاراستنی یاریزانەکان کردەوە و رایگەیاند:

“متمانەی تەواوم بە هەموو یاریزانەکان هەیە. هەرگیز سەرکێشی بە یاریزانێکی پێکراوەوە ناکەم، تەنانەت ئەگەر خۆشی بڵێت ئامادەم، چونکە نمانەوێت بۆ ماوەیەکی درێژ لەدەستی بدەین.”

 ئاشکراشیکرد کە لە یارییەکانی رابردوو بەهۆی نەبوونی چەندین یاریزانەوە ناڵاندوویانە، بەڵام ئێستا بەشێک لە یاریزانە پێکراوەکان گەڕاونەتەوە.

پەیامێک بۆ ناوبژیوانان و ژووری ڤار

راهێنەرەکەی زاخۆ باسی لە ئاستی ناوبژیوانی کرد و داوای وردبینی زیاتری کرد:

“ناوبژیوانان بەشێکن لە یارییەکە، بەڵام بێگومان هەڵەکانیان کاریگەری لەسەر ئەنجامی تیپەکان دەبێت. هیوادارم پێداچوونەوەکان لە رێگەی سیستەمی ڤار وردتر بن و بڕیارەکان دانایانەتر بدەرێن تاوه‌كو هەموو لایەک مافی خۆی وەرگرێت.”

ئاسۆ رۆستەم: چاومان لە پلەکانی پێشەوە و خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی كه‌نداوه‌

ئاسۆ رۆستەمی هێرشبەری یانەی زاخۆ دووپاتیکردەوە کە یاریزانەکان بەڵێنیانداوە ناوی یانەکە و هاندەران به‌رز رابگرن.

گوتیشی:

“ئەم یارییە تەنیا بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵ و چوونە پلەکانی پێشەوە نییە، بەڵکو پاڵنەرێکی دەروونی گەورەیە بۆ یاریی داهاتوومان لە خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی كه‌نداو بەرامبەر یانەی ‘شەبابی سعوودی’.”

رۆستەم ئاماژەی بەوەکرد کە یاریزانەکان سوورن لەسەر ئەوەی زاخۆ لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندیی خولەکەدا بمێنێتەوە و ئاستێکی شایستە پێشکەش بکەن.

یانەی زاخۆ لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق  به‌ 27 یاریی 44 خاڵی كۆكردووته‌وه‌ و له‌ پله‌ی هه‌شته‌می ریزبه‌نده‌ و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەم یارییە دەکەن بۆ ئەوەی تیپەکەیان بگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی سەرکەوتنەکان.

بابەتی زیاتر

Back to top button